موفتییەکى سعودی: هاوسەرگیریی مسیار دروستە

ئەندامێکى دەستەى گەورە زانایانى سعودیە ڕایگەیاند، هەموو پایەکانى هاوسەرگیریی حەڵاڵ لە مسیاردا هەیە و ئەوانەى ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دەکەن "ترسنۆک نین"، تەنها ئەوە هەیە ژنان دەست لە هەندێک مافەکانى خۆیان هەڵدەگرن بۆ پیاوان.

لەلێدوانێکدا بۆ رۆژنامەى عوکاز شێخ عەبدوڵڵا مەنیع ئەندامى "دەستەى گەورە زانایانى سعودیە" کە باڵاترین دەزگای ئاینیی وڵاتەکەیە، دوێنێ هەینی (ی٨ شوباتى ٢٠١٩) رایگەیاند، هاوسەرگیریی مسیار دروستە ئەگەر بەندوباو و مەرجەکانى تێدا بێت و هیچ رێگرییەکى شەرعیى تێدا نەبێت. ئەوانەشى پەنا بۆ ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە ئەبەن لە ترسنۆکیی نییە چونکە "هەموو حوکمە شەرعییەکانى هاوسەرگیریی لە مسیاردا هەیە".

شێخ مەنیع ڕونیشکردووەتەوە "مسیار" هەنگاوێکى کەسییە و ژنان بۆیان هەیە دەستبەردارى هەندێک مافى خۆیان ببن چ لە دابینکردنى خەرجى بێت یان ماوەى مانەوەى پیاو لەلایەن یان هەر مافێکیتر و "ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دروستە و ئەگەر مێردەکەش کۆچى دوایی بکات، ژنەکە مافى هەیە میرات ببات یان مارەیی خۆى وەرگرێتەوە، مناڵەکانى ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەش شەرعین".

ئەندامەکەى گەورە زانایانى سعودیە ئەوەشى خستووەتەڕوو کە مسیار بەواتاى ئەوە دێت هاوژینەکان لەسەر جۆرى پەیوەندى و کاتى کۆبوونەوە و ژیانى تایبەتى خۆیان رێکدەکەون بەپێى کۆمەلێک مەرج و بەندوباوى نێوانیان، هێندە هەیە ژنەکە لەهەندێک مافى خۆى خۆش دەبێت لەسەر پیاوەکە، دواتریش بۆى هەیە داواى هەمووى بکاتەوە هەرکات بیەوێت.

جێگەى ئاماژەیە لەم ساڵانەى دواییدا لەعەرەبستانى سعودیە و وڵاتانى کەنداو ژمارەیەک لەو ژنانەى خاوەن پێگە یان دارایی خۆیاننن یان نایانەوێ بچنە ژێر بارى ئەرکەکانى خێزانداریی و ماڵداریی، پەنایان بۆ هاوسەرگیریی "مسیار" بردووە لەگەڵ پیاوان، لەبەرامبەر ئەمەشدا هەندێک لە پیاوانى کەنداو کە سەفەرو گەشتى وڵاتانى میسر و لوبنان دەکەن، ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەیان پێ باشتر بووە لەبەر کەمى تێچوون و ئەرکە دارایی و کۆمەڵایەتییەکانى و ئەمەش بەبەردەوامى جێگەى مشتومڕى شەرعزانان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانە.

لەم جۆرە هاوسەرگیرییەدا مارەبڕین و شایەت و وەلى هەن، کات دیاریی ناکرێت لە گرێبەستەکە، هەردوولا لەبنەڕەتدا مافى میراتگرتنیان لەیەکتر هەیە مەگەر دەستبەردارى ببن بۆ یەکتر، بەڵام یەکتربینین و جۆرى پەیوەندیی نێوان ژن و مێردو شوێن و وادەى دیداریان بەپێى رێککەوتنى تایبەتى خۆیانە و مەرج نییە ببێتە هۆى دروستکردنى ماڵ. ئەم هاوسەرگیرییەش کاتیی نییە و لە کاتى گرێبەستەکەدا هەروەک هاوسەرگیریی ئاسایی بێ کۆتاییە و بەپێى زۆرێک لە فەتواکانى رێچکە شەرعزانییەکانى سوننە هەر هاوسەرێکى مسیار حوکمى هاوسەرێکى ئاسایی هەیە و ناکرێت لە چوار ژن زیاتر کۆبکرێتەوە.

بابەتی هاوسەرگیری مسیار لە نێو شەرعزانەکانی ئیسلامدا مشتومڕێکی زۆری لەسەرە.

 شێخ عەبدولعەزیز بن باز موفتی ناودار و کۆچکردووی عەرەبستانی سعودیە، بەمەرجی ڕاگەیاندن و ئاشکراکردنی هاوسەرگیرییەکە ڕێگەی بە مسیار داوە، لە شەرعزانە هاوچەرخەکانیشدا یوسف قەرزاوی بە دروستی داناوە.
ئێن ئاڕتی 
به‌روار:  09/02/2019
1022   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   654
کۆی سه‌ردان:   29257222