یەکەمین کۆچبەری ڤەنزوێلی دێتە کوردستان
رووداو-هەولێر

قەیرانی سیاسی و ئابووریی ڤەنزوێلا و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە سەدان هەزار کەسی ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ و دوورتر کردووە. قەیرانەکە بەردەوامە و تادێت رەوشی ئابووریی وڵاتیش خراپتر دەبێت. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تەنانەت کارمەندانی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا بیر لە بەجێهێشتنی کارەکەیان و وڵاتەکەیان بکەنەوە. 

نیڤێس ریبولێن، یەکێکە لەو کارمەندانەی کەرتی نەوت کە دەیەوێت ڤەنزوێلا بەرەو هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵێت؛ ئەو ئامادەکاریی تەواویی بۆ ئەم ئامانجەی کردووە و دەیەوێت لەبری مووچەیەکی 20 دۆلاریی لە ڤەنزوێلا، مانگانە 4500 دۆلار لە کوردستان بەدەستبێنێت.

نیڤێس ریبولێن، کرێکاری کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا دەڵێت: "من دەبوو کۆچ بکەم، ئەویش لەبەر ئەم بارودۆخە، چونکە ئەوەی من لێرە بەدەستم دەهێنا تەنیا 4300 بۆلیڤاری سەروەر بوو، بەڵام بەهیچ شێوەیەک سەروەر نەبوو. لەلایەکی دیکەوە، ئەو شوێنەی کە بۆ کارکردن بۆی دەچم، ئەوان 4500 دۆلاری ئەمریکی وەک مووچەی مانگانەم پێدەدەن."

نیڤێس دەزانێت بەجێهێشتنی وڵات و خێزان سەختە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت دۆخی سەختی وڵاتەکەی ئەوی ناچارکردووە ئەو رێگە دوورە بگرێتەبەر، ئەمەش لە پێناو ئەوەدایە کە ژیانێکی باشتر بۆ خێزانەکەی دابین بکات. 

نیڤێس ریبولێن لەوبارەوە دەڵیت: "بەدڵنیاییەوە ئەوە سەخت دەبێت بۆ من کە دوور لە خێزانەکەم بم، ئەوە سەخت دەبێت کە لە منداڵەکانم و لە هاوژینەکەم دوور بم، بەڵا من ناچار بووم ئەوە بکەم، ئەوەش لەبەر ئەو بارودۆخەی کە تێیدا دەژین."

نیڤێس ریبولێنی تەمەن 43 ساڵان بەمزووانە رێگەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەبەر و خۆی دەگەیەنێتە لای ئەو دەیان کرێکارە ڤەنزوێلیەی کە لەکەرتی نەوتی کوردستاندا کار دەکەن. ئەو ئامانجیەتی بتوانێت ئەوەندە پارە کۆ بکاتەوە کە هاوژین و منداڵەکانی رەوانەی شیلی یان ئەمریکا بکات. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

ڕووداو
به‌روار:  09/02/2019
865   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   655
کۆی سه‌ردان:   29249710