وەستاكەی خۆی بەچەقۆ دەكوژێ و تۆمەتباریشی دەكات
ڕووداو - هەولێر

شەوی 15/12/2018 لە قەزای كەلار گەنجێك كە وەستای لەبغ بوو لەلایەن شاگردەكەیەوە درایە بەر چەقۆ و و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە مرد. لەسەر رووداوەكە پێنج كەس كە یەكێكیان شاگردەكەیە دەستگیركراون. شاگردەكە دەڵێت وەستاكەی داوای سێكسی لێكردووە، بۆیە كوشتوویەتی، بەڵام پۆلیس بڕوا بەو قسەیە ناكات و دەڵێت ئێستا هەندێ لەوانەی تاوانی كوشتنیان لەدەست دەقەومێ، پەنا بۆ پاساوی لەوجۆرە دەبەن.

(ه.س) كە تەمەنی 17 ساڵە و ماوەی چەند مانگێك بوو بەردەستیی وەستاكەی دەكرد، دوای كوشتنی وەستاكەی، دەستگیركرا، ئەو لە گوتەكانیدا بۆ پۆلیس هۆكاری كوشتنی وەستاكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە داوای سێكسی لێكردووە، ئەویش وەك بەرگری لە خۆی ناچار بووە بە چەقۆ بیكوژێ‌.

(ئە.م) كە برای وەستاكەیە، قسەكانی شاگردەكەی رەتكردەوە و بە (رووداو)ی گوت: "براكەم گەنجێكی كاسبی بێ كێشە بوو، تەنانەت لەگەڵ شاگردەكەشی هیچ كێشەیەكی نەبووە، لە رۆژی رووداوەكە دەمەقاڵێیەك لەنێوانیاندا بووە. ئێمە نازانین لەسەر چی بووە و دواتر شاگردەكەی بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەری و كوشتوویەتی، ئەوەی شاگردەكە بۆ پۆلیسی باس كردووە، راست نییە".

پۆلیسی كەلار 5 كەسی لەسەر رووداوەكە دەستگیر كردووە، رائید عەلی جەمال قەدوری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە (رووداو)ی گوت: "شەوی 15/12/2018 بەهۆی دەمەقاڵێ لەنێوان وەستا و شاگردێك، وەستاكە كە تەمەنی 21 ساڵە، لەلایەن شاگردەكەیەوە سێ چەقۆی لێدەدرێت، پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە مرد".

دوای ئەوەی پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كرد، بە فەرمانی دادوەر بێجگە لە شاگردەكەی، چوار كەسی دیكەش كە هاوڕێی وەستا و شاگردەكە بوون دەستبەسەركراون.

سەبارەت بە هۆكاری كوشتنەكەش كە شاگردەكە دەڵێت وەستاكەی داوای سێكسی لێكردووە، رائید عەلی دەڵێت: "راستە تۆمەتبارەكە لە ئیفادەكەیدا بۆ ئێمە وادەڵێت، بەڵام مەرج نییە ئەو قسەیە راست بێت، چونكە زۆرجار تۆمەتبار بۆ ئەوەی هۆكاری راستەقینەی تاوانەكەی بشارێتەوە ئەم قسانە دەكات، ئێستا بەشێك لە بكوژەكان لە گەرمیان سوود لەم بیرۆكەیە وەردەگرن، ئەگەرچی هەندێك جاریش دوای لێكۆڵینەوە بەڵگە دەستكەوتوون كە كەسی كوژراو، داوای ئەم كارەی لە بكوژ كردووە، بەڵام قبوڵی نەكردووە، بۆیە بووەتە شەڕیان، هەر بۆیە ئێمە و دادگاش لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی زۆر ورد لەسەر ئەو رووداو و تاوانانە دەكەین بۆ ئەوەی هۆكارە راستەقینەكە ئاشكرا ببێت".

كارمەندێكی دەزگا ئەمنییەكان لە گەرمیان كە نەیویست بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت: "لە سنووری گەرمیان حاڵەتی لەم جۆرە زیاتر لە چەند جارێك دووبارە بووەتەوە. كەسێك یان چەند كەسێك داوای سێكس لە كوڕان دەكەن و دواتر رووداوی لەم شێوەیەی لێدەكەوێتەوە".

خەبات رەشید، بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان لەبارەی ئەم كەیسانە و حاڵەتەكانی دەستدرێژی بە (رووداو)ی گوت: "یەكەمجار نییە ئەم حاڵەتە روودەدات، كەسێك بە بیانووی ئەوەی دەستدرێژی كراوەتە سەر یان هەوڵدراوە دەستدرێژی بكرێتە سەری، یەكێكی كوشتووە. پێشتریش چەند حاڵەتێك هەبووە، ئەگەرچی هەندێكجار راست نین و بكوژ كێشەی دیكەی لەگەڵ كوژراوەكە هەیە، بۆیە ئەو تۆمەتەی دەخاتە پاڵ، بەڵام زۆر جاریش دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كوژراوەكە هەوڵیداوە دەستدرێژی بكاتە سەر بكوژ یان دەستدرێژی كردووەتە سەری، بەڵام بكوژ كاردانەوەی هەبووە و تاوانی بەدوادا هاتووە".

بەپێی قسەی بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان چەند گرووپێكی نێربازی لە سنوورەكە پەیدابوون: "ئەو گرووپانە لە كەلار و دەوروبەری بە پلان كاردەكەن و بەشێكیان دەستگیركراون و سزاش دراون". 

گوتیشی :"ئێمە 7 كەسمان دواندووە كە بەشێوەی گرووپ كاری نێربازییان كردووە، ئەوانە سزادراون، سزاكەشیان 3 بۆ 15 ساڵ بەندكردنە. ئەوانەشی دەستدرێژی دەكەنە سەر منداڵان، سزاكەیان تاوەكو لەسێدارەدان دەڕوات".
به‌روار:  08/01/2019
1127   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   663
کۆی سه‌ردان:   29257373