لە سلێمانی ژنێك بە "ڤیزای ساختە" دوو منداڵەكەی دەباتە ئەڵمانیا
رووداو - هەولێر

لە سلێمانی پیاوێك زیاتر لە ساڵێكە سكاڵای لە دژی هاوژینی پێشووی تۆمار كردووە، چونكە بەبێ ئاگاداری ئەو، دوو منداڵەكەی بە ڤیزای ساختە بردووەتە ئەڵمانیا، بەڵام تاوەكو ئێستا دۆسیەكەی وەكو خۆی ماوەتەوە و كونسوڵخانەی ئەڵمانیا هیچ وەڵامێكیان نەداوەتەوە.

بەختیار ئەنوەر، تەمەن 46 ساڵ، هەر كە ناوی منداڵەكانی دەهێنا ئاهێكی هەڵدەكێشا و بەئاشكرا فرمێسكی قەتیسماو لە چاوەكانیدا دەبینران، ئەو كە زیاتر لە ساڵێكە منداڵەكانی نەبینیوە، بە (رووداو)ی گوت :"لە ساڵی 2004 لەگەڵ (ش) هاوسەرگیریمان كرد، من هەموو داواكاریییەكانی خێزانەكەم دابین دەكرد، بەڵام ئامانجی ئەو لەو هاوسەرگیرییە شتێكی دیكە بوو، دەیویست من وەكو چەترێك وابم بۆی تاوەكو لەژێریدا بە مەرامەكانی خۆی بگات".

بەختیار و (ش) كچ و كوڕێكیان بەناوەكانی (یارا و ئارا) هەبوو، ئەو دەڵێت :"ئێمە دوو منداڵمان هەیە، كچەكەم ناوی (یارا)یە و تەمەنی 13 ساڵە، كوڕەكەشم ناوی (ئارا)یە و تەمەنی 12 ساڵە، من خێزانەكەی خۆمم زۆر خۆشدەویست، بەڵام ئامانجی ژنەكەم لەو هاوسەرگیرییە شتێكی دیكە بوو، دوای 9 ساڵ لە هاوسەرگیریمان بەتەواوی دڵنیابووم لە ئامانجەكەی و لە دادگا جیابووینەوە، منداڵەكانیش دران بە ئەو و دابینكردنی نەفەقە و پێداویستییەكانیان كەوتە سەر من، بەڵام بەو مەرجەی دوو هەفتە جارێك چەند كاژێرێك بیانبینم".

یارا باوكی بریندار دەكات

لە دواین دیداریاندا یارا رووبەڕووی باوكی دەبێتەوە و برینداری دەكات، بەختیار ئەنوەر گوتی: "من دەمویست لەماوەی ئەو چەند كاژێرەی منداڵەكانم دەبینم هەندێك وانەیان پێبڵێم بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و كە گەورە بوون راست و هەڵەی خۆیان لەیەكدی جیابكەنەوە، بەڵام دوایینجار كە منداڵەكانم بینی، كچەكەم زۆر تووڕە دیار بوو، نەیدەویست قسەم لەگەڵ بكات، لێمپرسی لە چی تووڕەی؟ رووبەڕووم بووەوە و تەنانەت بە نینۆكەكانی دەستمی بریندار كرد و رۆیشت، زۆر پێم سەیر بوو، جاری داهاتوو كە دەبوو بیانبینم، ئەوەم بۆ روونبووە كە بۆچی یارا بەم شێوەیە رووبەڕووم بووەوە".


منداڵەكان دەبرێنە ئەڵمانیا

(ش) بەبێ ئاگاداری بەختیار ڤیزای ئەڵمانیا بۆ خۆی و منداڵەكانی وەردەگرێت و دەچنە ئەو وڵاتە، بەختیار دەڵێت: "نەمدەزانی ئەوە دواجار دەبێت كە منداڵەكانم ببینمەوە، كاتێك چووم بۆ دیداری منداڵەكانم، ئەوان لەوێ نەبوون. كە پرسیارم كرد گوتیان چوون بۆ ئەڵمانیا، تووشی شۆك بووم، دواتر زانیم كە (ش) بەبێ ئاگاداری من منداڵەكانی بردووە بۆ ئەڵمانیا و ئەوە زیاتر لە ساڵێكە منداڵەكانم نەبینیوە".

گومانی لە ڤیزاكان هەیە

بەختیار لێكۆڵینەوە لەو ڤیزایانە دەكات كە منداڵەكانی پێ براونەتە ئەڵمانیا، ئەو گوتی: "پێم سەیرە كە هاوژینی پێشووم بەم كتوپڕیە چۆن توانیویەتی ڤیزای ئەڵمانیا بۆ خۆی و دوو منداڵەكەم وەربگرێت، چونكە هەموو كەس دەزانێت كە ئاسان نییە، بەدواداچوونم كرد و زانیم هەریەك لەو ڤیزایانەی كە پێموایە ساختەن، بە 12 هەزار دۆلار وەرگرتووە، نازانم بەبێ ئەوەی من كە باوكیانم ئاگادار بكرێمەوە چۆن ڤیزایان پێدراوە و لە فڕۆكەخانەش رێگەیان پێدراوە بڕۆن، لەكاتێكدا نە مردووم و نە لەڕووی عەقڵییەوە ناتەواوم، ئینجا نازانم ئەگەر ناسنامەیەكیان بەناوی منەوە دەركردبێت و كەسێكی دیكەیان وەكو باوكیان ناساندبێت، ئیمێڵیشم بۆ كونسوڵخانەی ئەڵمانیا ناردووە تاوەكو كۆپییەكی ئەو ڤیزایانە بۆ من بنێرنەوە، بەڵام ئەوان لە وەڵامدا گوتیان ناتوانن كۆپی ڤیزاكەیان بۆ من بنێرن".

بەختیار دەشڵێت: "من دڵنیام كەسانێك دەستیان لە وەرگرتنی ئەو ڤیزایانەدا هەبووە، بۆیە سكاڵام لەدژی هاوژینی پێشووم و باوكی و خوشك و برایەكی كە نووسینگەی فڕۆكەوانی هەیە، تۆمار كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا لە دادگا هیچ نەكراوە، بۆیە دەمەوێت لەڕێگەی رووداوەوە ئەم كێشەیەم بگاتە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكان و منداڵەكانم بۆ بگەڕێننەوە".

گومانی گەندەڵی لە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر هەیە

كەیسی منداڵەكانی بەختیار ئەنوەر تەنیا كەیس نییە كە گومانی لێبكرێت بە پارە ڤیزایان وەرگرتبێ لە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا. بەڵكو لەماوەی رابردوودا لانیكەم 25 كەیسی دیكەی هاوشێوە، بەتایبەتی بۆ كۆچبەرانی سووری لە هەولێر هەبووە. پرسی گەندەڵی لە وەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیا لە هەولێر مشتومڕی لەناو میدیای ئەڵمانیشدا دروستكردووە، وەك دەگوترێت چەند فەرمانبەرێكی پرۆگرامی تایبەت بە پەنابەرانی سووریاش لەو دۆسیەیە تێوەگلاون. ئەوان لەگەڵ چەند قاچاخچییەكدا كاریان كردووە و ڤیزایان بەرامبەر بە هەزاران دۆلار دەركردووە.

گۆڤاری (دێر شپیگڵ)ی ئەڵمانی راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە لە زاری پەنابەرە سوورییەكان كە باس لەوە دەكات لە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر لەبەرامبەر پێدانی ڤیزا پارە وەردەگیرێت، هەرچەندە لێكۆڵینەوەی بەردەوام لەم پرسە كراوە، بەڵام سكاڵاكان نەگەیشتوونەتە شوێنی خۆی و پەڕاوەكانیان لەنێو پرۆسەی لێكۆڵینەوە دەرهێنراون، بەگوێرەی بەدواداچوونی ئەو گۆڤارە، لە هەولێر ڤیزای ئەڵمانیا بە 12 هەزار دۆلار فرۆشراوە.

لەبارەی پرسی فرۆشتنی ڤیزای ئەڵمانیا لە هەولێر، سەرچاوەیەك لە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا بە (رووداو)ی گوت: "وەك وەڵامدانەوەیەكی خێرا بۆ ئاماژە سەرەتاییەكان لە دیسێمبەری 2017ـ دا، كونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر چەند رێكارێكی نوێی گرتووەتە بەر بۆئەوەی هەر خراپ بەكارهێنانێكی رێكارەكانی ڤیزا نەهێڵێت، لەمەودوا سیاسەتێك دەگرینە بەر كە هیچ لێخۆشبوونی تێدا نییە بەرامبەر گەندەڵی و تاوانی دیكە لەنێو ئەركە دیپلۆماسییەكەماندا".

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: "پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا دەستبەجێ ئاگادار كراوەتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش لە نزیكەوە كاردەكات لەگەڵ لایەنە بەرپرسەكان تاوەكو بە تەواوەتی لێكۆڵینەوە بكرێت لە بابەتەكە، داواكاری گشتیش لە بەرلین ئێستا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە بابەتەكە. بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا تاوەكو ئێستا هیچ زانیارییەكی نەداوە لەسەر ئەو لێكۆڵینەوانەی كە بەردەوامن".
به‌روار:  05/12/2018
946   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1007
کۆی سه‌ردان:   29236392