دڵنیاین بەرپرسیكی گەورە لەتیرۆركردنی كاوە گەرمیانیەوە گلاوە

ئا: ئاوێنە

 

شیرین ئەمین، خێزانی كاوە گەرمیانی رایدەگەیەنێت لەپێنجەمین ساڵیادی تیرۆركردنی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی هاوشێوەی ساڵانی پێشو مەراسیمی تایبەت ئەنجام دەدرێت، ئەو وتی “خۆشبەختانە بۆ ئەمساڵ لەناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و تەنانەت لەدەرەوەی هەرێمیش یادی ئەو شەهیدەی قەڵەم بەرز رادەگیرێت، كاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی رۆژی 5-12-2018 لەسەر گلكۆی شەهید كاوە گەرمیانی تاجە گوڵینە دادەنرێت، كاتژمێر 3 ی دوا نیوەرۆی هەمان رۆژیش مەراسیمی سەرەكی لەهۆڵی وەرزش‌و لاوانی كەلار بەرێوە دەچێت، تێیدا خەڵاتی ئاڵتونی بۆ ئازادی دەبەخشرێت”.

 

شیرین ئەمین رایدەگەیەنێت دۆسیەی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی هاوشێوەی ئەو دۆسێی تیرۆركردنانەی لەكوردستان هەیە بێ‌ ئەنجام ماوەتەوە، و هیچ بەرەو پێشچونێك لە دۆسیەكەیدا نیە، ئەو وتی “ئەو كەسەی ئێستا لەزینداندایەو لەسەر تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی دەستگیركراوە، دڵنیاین لەپشتی ئەو بەرپرسێكی گەورە تێوە گلاوە لەرشتنی خۆێنی كاوە گەرمیانی، دڵنیاین بەرپرسیكی گەورە لە تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیەوە گلاوە “، باس لەوەش دەكات دادگا نەیتوانیوە بیسەلمێنێت كێ‌ بكوژی راستەقینەی كاوە گەرمیانی یە، پێشی وایە دادگا لەكوردستان لەژێر دەستی هەردو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستاندایە‌و تەنانەت نەك بریاری دەستگیركردن نەشیتوانیوە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكات كە كێ‌ بكوژی راستەقینەیە.

 

ئاماژەبەوەش دەكات هەردو حزبی دەسەڵاتدار هێندەی لە قەڵەمی ئازا‌و ئازاد دەترسن نیوەی ئەوە لەركابەرەكانیان ناترسن، هەر ئەمەش وایكردوە كە بكوژان نەك هەر رادەستی دادگا نەكەن بەڵكو خودی خۆیان رێگە خۆشكەریش بن بۆ رشتنی خوێنی رۆژنامەنوسان‌و دەنگە ئازادەكان.

 

راشیدەگەیەنێت هۆكاری سەرەكی خۆكاندیدكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان لەپێناو سەندنەوەی مافی خوێنی رژاوی هاوسەرەكەی‌و هەمو ئەو كەسانەیە كە بەناهەق لەپێناو نوسین بونەتە شەهیدی رێگەی ئازادی‌و بۆ بەرگریكردنیەتی لە خوێنی شەهیدانی 17 ی شوبات‌و رۆژانی دوایی، ئەمو ئەو ناهەقیانەی لەبەرامبەرماندا كراون ئێمە وەك نوێنەری بنەماڵەی كاوە گەرمیانی بریارماندا نوێنەرمان هەبَت لەپەرلەمان‌و منیش بەدەنگی ئازادیخوازان توانیم سەركەوتن بەدەست بهێنم، ئەو وتی “بە دڵنیاییەوە پرۆژەیاسامان دەبێت‌و بێدەنگ نابین لەسەر مافی هەمو ئەو كەسانەی وەك كاوە گەرمیانی بە ناهەق خوێنیان رژێنراوە، ئێمە چاوەروان دەكەین دانیشتنەكانی پەرلەمان دەست پێ بكاتەوە‌و كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێك بێت، من تەنها نوێنەری خانەوادەی كاوە گەرمیانی نابم نوێنەری دەنگە ئازاد‌و رۆژنامەنوسانی ئازا‌و ئازد، هەر لەسەرەتای تیرۆكردنەكەیەوە بەڵێنمان بە خوێنی كاوە گەرمیانی داوە لە رێبازەكەی لانادەین‌و بەردەوام دەبین لەسەری”. 

 
به‌روار:  05/12/2018
466   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   619
کۆی سه‌ردان:   29233921