"دۆخی پیاوان بەدەست ژنەوە لە هەرێمی کوردستان باش نییە".
رووداو - هەولێر 

لە هەرێمی کوردستان کاتێک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی روودەدات، زۆربەی جار پیاوان وەکو سەرچاوەی کێشەکە و ستەمکار سەیردەکرێن، بەڵام بەگوتەی سکرتێری یەکێتیی پیاوان "دۆخی پیاوان لە هەرێمی کوردستان باش نییە". 

وەکو چۆن رۆژی هەشتی مارس رۆژی ژنانە، 19-11ـی هەموو ساڵێکیش بە رۆژی پیاوان دەستنیشانکراوە، بۆ ئەوەی کێشەکانی پیاوان بخرێنەڕوو و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
لە رۆژی جیهانیی پیاواندا یەكێتیی پیاوانی كوردستان، ئاماری ئەو تووندوتیژیانە بڵاودەكاتەوە كە پیاوان تۆماریان کردوون و، بەپێی ئامارەكەش لە 10 مانگی ئەمساڵدا پیاوان لە هەرێمی كوردستان 517 سكاڵایان لەو رێكخراوە لە دژی ژنان تۆماركردووە.

بورهان عەلی، سكرتێری یەكێتیی پیاوانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو كۆتایی مانگی 10، پیاوان بەهۆی كێشەی جۆراوجۆرەوە 517 سكاڵایان لە دژی ژنان، لە رێكخراوەكەمان تۆماركردووە. هەر بەپێی ئەو ئامارەی لەلای ئێمە تۆماركراوە، لەماوەی ئەو 10 مانگەدا 45 پیاو خۆیان كوشتووە ‌و 4 پیاویش لەلایەن ژنانەوە بەهاوكاری كەسانی دیكە كوژراون".

سكرتێری یەكێتیی پیاوانی كوردستان، باس لەوەش دەكات "پیاوان لە كوردستان وەكو بەشێك لە وڵاتان، لە دۆخێكی باشدا ناژین، بەداخەوە هەمیشەش تۆمەتبار دەكرێن بە سەرچاوەی تووندوتیژی، كە ئەوە خۆی لە خۆیدا تووندوتیژیە بەرامبەر پیاوان دەكرێت".

یەكێتی پیاوانی كوردستان، لە ساڵی 2009 وەكو رێكخراوێكی داكۆكیكار لە مافی پیاوان، مۆڵەتی كاركردنی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار
به‌روار:  19/11/2018
1132   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   545
کۆی سه‌ردان:   29261511