نوێترین لێدوانی ترەمپ و ئەردۆغان لەبارەی جەمال خاشقچی

ماوەی هەفتەیەکە ڕۆژنامەنووسی دیاریی سعودی جەمال خاشقچی بێسەروشوێنە و تادێت کاردانەوەکان لەبارەیەوە فراوانتر دەبن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لە نوێترین لێدوانێدا داواى لە سعودیە کرد بە بەڵگەى ڤیدیۆیی بیسەلمێنێت جەمال خاشقچى لە کونسوڵخانەى سعودیە لە ئەستەنبوڵ چووەتە دەرەوە.

ئەردۆغان ئاماژەى بەوەدا، بەرپرسانی کونسوڵخانەى سعودیە دەڵێن جەمال خاشقچى لە کونسوڵخانە دەرچووە، بەڵام ناتوانن تەنھا بەم قسەیە خۆیان رزگار بکەن و دەبێت ئەوەیان بۆ بسەلمێنن.

وتیشى لێکۆڵینەوەی ورد لە کامێراکانی چاودێری و هاتن و چونى فڕۆکەخانەکان دەکەن، بۆ ئەمەش داواکارى گشتى هەموو ڕێوشێونێکى پێویستى گرتوەتە بەر.

لەلایەکی ترەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا نیگەرانى خۆى بەرامبەر چارەنوسى ڕۆژنامەنوسە سعودییەکە نیشاندا و ئاماژەى بەوەدا لە ئێستادا هیچ کەسێک زانیارى لەبارەى ئەو دۆسیەیەوە لەلا نییە.

هاوكات لينزى گراهام سیناتۆرى ئەمریکا ئاماژەى بەوەدا، ئەگەر تۆمەتەکانى سەر سعودیە لەو بارەیەوە بسەلمێنرێت، سعودیە دەبێت باجێکى قورس دەدات و کاریگەرى لەسەر پەیوەندییەکانى ڕیاز و واشنتۆن دەبێت.
سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش، ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێت، بەرپرسانی ئەمنی تورکیا بەدوای ئۆتۆمبێلێکی ڕەشدا دەگەڕێن و گومانی ئەوە دەکەن ئەو ئۆتۆمبێلە تەرمی خاشقچی هەڵگرتبێت.

بە پێی هەواڵەکەی گاردیان، لێکۆڵەرەوە تورکەکان وتویانە، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کە تیمێکی هەڵگرتووە هاتونەتە کونسڵخانەی سعودیە و بەرپرسن لە کوشتنی خاشقچی، ئەو تیمە دوای دوو کاتژمێر لە چوونی ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ کونسڵخانەی سعودیە، کونسڵخانەکەیان جێهێشتووە.

جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودی کە لە ڕۆژنامە و میدیا جیهانییەکانەوە ڕەخنەی لە دەسەڵاتی عەرەبستانی سعودی دەگرت، کاتژمێر یەک و ١٤ خولەکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بە یاوەری دەستگیرانەکەی چووە کونسڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ بەمەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەیەکی، بەڵام لەو کاتەوە بێسەروشوێنبووە.

ک.ع

ئێن ئاڕتی
به‌روار:  09/10/2018
1101   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   652
کۆی سه‌ردان:   29231175