یەكەمجار گەنجێكی تەلەعفەری‌و كوردێكی سۆرانی‌و عەرەبێكی سوریی دەستدرێژییان كردە سەرم
نادیە موراد كە ئەمڕۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا، یەکێکە لەو ٣ هەزار کچ و ژنە ئێزدییەی لەلایەن داعشەوە رفێنراو دەستدرێژیی کرایەسەر، ئەو لەیەكەم چاوپێكەوتنیدا رۆژێك دوای هەڵاتنی لەدەستی داعش، بە”بی بی سی فارسی” راگەیاندوە “بۆ یەكەمجار لەموسڵ گەنجێكی تەلەعفەری‌و كوردێكی سۆرانی‌و عەرەبێكی سوریی دەستدرێژییان كردە سەرم”.


ئا: ئاوێنە

 

نادیە موراد كە ئابی 2014 لەگەڵ هەزاران كچ‌و ژنی ئێزیدیی وەك كەنیزەك كەوتە دەست داعش، لەدوای خۆرزگارکردنی توانی تاوانەکانی داعش بەرامبەر بەهەزاران ئێزیدیی ئاشکرا بکاو بەچەندین وڵاتی جیهاندا گەڕاو چیرۆكی ئازارو مەینەتی‌و كوێرەوەری خۆی‌و ئێزیدییەکانی بۆ رای گشتی جیهان‌و سەرۆكی وڵاتان‌و رێكخراوە جیهانیەكان گێڕایەوە. ئەم هەوڵانە نادیەی كرد بەسیمبولی ئێزیدییەکان، ساڵی 2016 گۆڤاری تایمی ئەمریکی نادیە مورادی وەک یەکێک لە ١٠٠ کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان دەستنیشانکرد.

 

نادیە موراد پاش هەڵاتنی لەدەستی داعش بۆ یەكەمجار لەگەڵ نەفیسەی كوهنەوەرد پەیامنێری بی بی سی فارسی گفتوگۆی كرد، بەبۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەوە بی بی سی فارسی هەمان ئەو چاوپێكەوتن‌و راپۆرتەی بڵاوكردوەتەوە لەگەڵ لێدوانێكی نەفیسەی كوهنەوەردا.

 

نەفیسە دەڵێت “نادیەم چوار ساڵ لەمەوبەر دروست رۆژێك پاش هەڵاتنی لەموسڵ، لەماڵی براكەی لەگوندێكی نزیك دهۆك بینی، ئەو كاتە هێشتا هیچ كەسێك چیرۆكی ئەو ژنە ئێزیدیانەی كەوتبونە دەستی داعش لەزاری خۆیانەوە نەبیستبو، چونكە داعش لەوپەڕی هێزی خۆیدا بو، زۆربەی ژنان هێشتا دیل بون بەدەست ئەوانەوە. كاتێك ئەوم بینی بەپێی یاسا‌و رێساكانی بی بی سی لەچاوپێكەوتن لەگەڵ ژنان یان ئەو منداڵانەی زیانیان بەركەوتوە، پێشنیارم كرد كە بەشێوەیەكی نەناسراو‌و بەبێ‌ نیشاندانی روخساری چاوپێكەوتنەكە ئەنجام بدەم، بەڵام ئەو خۆی ئەمەی رەتكردەوەو لەحاڵێكدا بەسەختی دەیتوانی بەهۆی هەنسكی گریانەوە قسە بكات، دەیویست هەموان بزانن چیان بەسەرهاتوە‌و لەكۆتایی دیدارەكەشدا داوای لێكردم كە گێڕانەوەكەی بەگوێی ژنانی تر بگەیەنم. چەند مانگێك دواتر نادیە بەپشتیوانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بو بەحیكایەتخوانی تراژیدیای ژنانی ئێزیدی لەسەرتاسەری جیهان، بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە ئەو دەتوانێت جارێكیتر سەرنجەكان بخاتەوە سەر كۆمەڵگەی ئێزیدی کە لەدۆخێکی فرە خراپدان”.

 

نادیە مورادی تەمەن 25 ساڵ لەپاش مەلالە یوسف زەی، گەنجترین كەسە كە خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێناوە، مەلالە لەساڵی 2014دا تەمەنی 17 ساڵ بو كە ئەم خەڵاتەی وەرگرت. نادیە یەكەمین كوردە خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرێت.

 

لەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ بی بی سی فارسی دەڵێت “لەكاتی بەدیل گرتنیدا بۆ یەكەمجار لەلایەن گەنجێكی تەلەعفەرو كوردێكی سۆرانی‌و عەرەبێكی سورییەوە لەموسڵ دەستدرێژیم كرایە سەر، دواتریش چەندین جار كڕین‌و فرۆشم پێوەكرا بەرلەوەی هەڵبیم”.

سەیری ڤیدیۆیەکە بکەن

به‌روار:  07/10/2018
1717   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   370
کۆی سه‌ردان:   29254302