نادیە موراد و دێنیس موکوێگێ براوەکانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلن
نادیە موراد کچە کوردی ئێزدی بەهاوبەشی لەگەڵ دوکتۆر دێنیس موکوێگێ پزیشکی بەڕەچەڵەک کۆنگۆیی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلیان بۆ ساڵی ٢٠١٨ پێ دەبەخشرێت، لەبەر خەباتیان دژی توندوتیژیی سێکسی.

نادیە مورادی تەمەن ٢٥ ساڵ چالاکوانی کوردی مافی مرۆڤ و ڕزگاربووی دەستی داعش، سێ مانگ پاش ڕزگاربوونی دەستی کرد بە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی بەدیلگیرانی خۆی و سەدان ژنی ئێزدی لەلایەن داعیشەوە. وتاردانەکانی نادیە موراد و گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی و سەدان ژنی بەدیلگیراوی دەستی داعیش لە سەر شانۆ ناسراوەکانی جیهانی بۆ وێنە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەرنجێکی زۆری ڕاکێشا و دەنگدانەوەی یەکجار زۆری بەدواوە بوو. نادیە یەکێکە لەو ٣٠٠٠ کچەی ئێزدییەیە کە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە ڕفێنران و ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژی بوونەوە. نادیە موراد لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٦دا وەک یەکەمین باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا.

نادیە لە گوندی کۆچۆی شنگال لە دایک بووە و هەر لەوێش گەورە بووە. ساڵی ٢٠١٤ داعش گەمارۆی گوندەکەیانی دا و بەسەدان دانیشتووی ئەم گوندەی کوشت کە شەش برا و زڕبرای نادیەشی تێدا بوون. هەر ئەو کات بوو کە زوربەی هەرەزۆری ژنان و کچە گەنجەکانیش بۆ بەکارهێنران وەک کۆیلەی سێکسی ڕفێنران.

 

دێنیس موکوێگێ  ساڵی ١٩٥٥ لە ڕۆژئاوای کۆنگۆ کینشانسا لەدایک بووە و بزیشکی نەخۆشییەکانی ژنانە كه‌ پێوه‌ندیان به‌ ئامرازی زاوزێ و منداڵدانه‌وه‌ هه‌یە. ئەو کە بە یەکێک لە هەرە شارەزاترین پزیشکانی جیهان لەو بوارەدا دادەنرێت ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ پشتگیری لە ژنانی قوربانیی کێشەی دەسدرێژی و توندوتیژیی سێکسی.

موکوێگێ ساڵی ١٩٩٩ نەخۆشخانەی پەنزییای لە بوکوڤوی وڵاتی کێنیا دامەزراند و تێیدا چارەسەری نەخۆشییەکانی ئەو کچانە دەکا کە لە جەنگدا ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە.

  وەزیری دەرەوەی سوید مارگۆت ڤاڵستروێم لەسەر خەڵاتەکە گوتی من زۆر خۆشحاڵم ئەم دووکەسە ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە. ئەوان سەرەڕای هەموو مەترسییەک ژیانی خۆیان بۆ ئەم پرسە تەرخان کردووە. من هەردووکیان دەناسم و دەتوانم بە هەردووکیان بڵێم هاوڕێ. بۆنمونە دەتوانم بڵێم نادیە موراد یەکێکە لە خەمگینترین مرۆڤەکانی سەر ئەم زەمینە. ئومێدەوارم ئەم خەڵاتە خەندەیەک بخاتە سەر لێوەکانی، بەڵام زۆریش لەوە دڵنیا نیم. لەبەر ئەوەی ئەو بە چاوی خۆی کەس و کار و خەڵکەکەی خۆی بینی کە لەناو بران. هاوکات ئەو دۆزەخەشی بینی کە تیرۆریستان بەسەر خودی خۆیاندا هێنا و وەک کۆیلەی سێکسی بە کاریان هێنا. سەبارەت بە دێنیس موکوێگێ دەتوانم بڵێم کە جارێک یەکێک بە گاڵتەوە وەک ژنە سەربەرزەکە ناوی هێنا. ئەمەش بەهۆی ئەو خەباتەی ئەو لە پێناو مافی ژن و ژنانی قوربانیدا کردوویەتی. کەسێکی دیندار و پسپۆڕێکی لێهاتووی نەشتەرگەری کە دڵێکی هێندە گەورەی هەیە ناکرێ پێناسە بکرێت.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  06/10/2018
623   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   714
کۆی سه‌ردان:   29237988