ڕاپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی سێپتەمبری ۲۰۱٨
مالمۆکورد

راپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی سێپتەمبری ۲۰۱٨ کە بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە کە لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، کۆبەندی بۆکراوە. شایانی باسە ئەم ڕاپۆرتانە، بەهۆی ئیزن نەدانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەلێژنەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە وتەنیاوێنەیکی بچوکی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ نیشان دراوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە گرتنی شارومەندانی کورد ، مافە سیاسی، کۆمەلایەتی و مەدەنیەکانی گەلی کورد پێشێل دەکات. ئازادی رادەربرین، مافی ژیانی ئازاد و سەربەخۆ، ئەمنیەتی تاکەکەسی، هەلاواردن، بێحورمەتی بە خەلك، بابەت گەلێکن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆژانە پێشێلیان دەکات .هەروەها ئەشکەنجەی گیراوانی سیاسی و بەرچاونەگرتنی مافەکانیان بابەت گەلێکن کە لەو مانگەدا بەرچاو بوون.
بەپێی بڕگەی ۱۹ ی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ هەر تاکێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە هەروەهالەدێڕی یەکەمی بڕگەی ۹ بەشی نێونەتەوەیێ مافی مەدەنی وسیاسی داهاتوە؛ هەرکەسەومافی ئازادی وئەمنیەتی تاکەکەسی هەیە؛ هیچ کەسێک نابێت بەبۆنەی بیروباوەڕیەوەئازاربدرێتو سەرکوت بکرێت، لەبڕگەی دووی بەشی ۱۹ دادیسان دەڵێت؛ هەموو کەسسێک ئازادی ڕادەربڕینی هەیە، ئەومافانە ئەمانەلەخۆدەگرن، ئازادی گوتار ولێکۆڵینەوە و پەروەردەو بڵاوکردنەوەی زانیاری وبیروباوەڕ، هەر چەشن و جۆرێک بێ ئەوەی سنوری بۆدابنرێت جا ئیتر سەرزارەکی یا نوسراوە یان چاپی یابەشێوەی هونەری یا هەر چەشنێک کەمرۆڤ خۆی هەڵی بژێرێت.
هەروەهالە بڕگەی ۲۲ داداهاتوە هەرتاکێک وەکو کەسێک لەکۆمەڵگا مافی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی هەیە ولەڕێگەی تێکوشان لەپانتایی نەتەوەیی و هاوسۆزی نێو نەتوەیەوە بەڕێکخراوەیی کردنی سەرچاوەکانی هەر وڵاتێک، مافی لێ زەوت نەکراوی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆی بپارێزێت بۆ پەرە پێدانی ئازادانەی کەسایەتی تایبەتی خۆی بەدەست بێنێت؛ وهەروەهابەپێی بڕگەی ٥هیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان سزابدرێت یان بەشێوەی نامرۆڤانەو دڕندانە وڕوخێنەرهەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. بەپێی بڵاوکراوەفەرمیەکانی جیهانی لەمەڕ مافی مرۆڤ و مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای بەشەری، هەر تاک و کۆمەڵگایک مافی خۆیەتی داوای مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری وکلتوری خۆی بکات وبۆ وەدەست هێنانی تێبکۆشێت، هیچ کومەڵێک یان گروپێک لەسەرو کەسی ترەوەنییەوهەمو کەسێک دەبێت لەمافی سروشتی بەفەرمی ناسراوی خۆێی بەهرەمەند بێت.
کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان هەموو مانگێک کۆکراوە و گوزارشێکی پوخت لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی لە کوردستان دا بڵاو دەکاتەوە. لە گوزارشی ئەو مانگەش دا دەردەکەوێ کە رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان خراپتر بووە و دەوڵەتی ئێران کردەوە دژە مرۆڤیەکانیان دژی گەلی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زیاتر کردوە.
لەو مانگەش دا،خۆکووژی و کوشتن ئێعدام، گرتن و ئەشکەنجەدان، نارەزایەتی و ناعەدالەتی ، خەسارەکانی ژینگە و هتد زۆر بەرچاون و رەوشێکی مەترسیدار نیشان دەدەن کە له‌گەلی کوردستان روبەرووی بۆتەوە.

سێدارە

کۆماری ئیسلامی ئێران سێ گیراوی سیاسی کورد زانیار مورادی، لوقمان مورادی و رامین حۆسێن پەناهی بەرەبەیانی ئەمرۆ لەسێدارە دا.
دووشەممە ۱۹ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی ” کەماڵ ئەحمەد نەژاد” کوڕی ڕەحیم خەڵکی گوندی ” گامێشگوڵی” میاندواو ،زیندانی سیاسی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی شاری میاندواو ئێعدام کرا.
دوو پێشمەرگەیە، ” ئەحمەد شەباب وناسر عەزیزی”هەردوو خەڵکی مەهاباد، کەلەڕێکەوتی ۲۰ی گەلاوێژ لە تێهەڵچوونێکدا لەگەڵ سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی کێلەشین برینداردەبن و ودەکەونە دەستی هێزەکانی سپای پاسداران و هەر بە برینداری ئێعدام کران.
ئەرسەلان خودکام، زیندانی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ بە تۆمەتی “سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ حزبە دژبەرەکانی حکومەت” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانی سیاسی کورد کە لە زیندانی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ زیندانی کراوە لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلاب لە ورمێ بەتۆمەتی ئەندامەتی لەیەکێک لە حیزبە ئوپۆزیسیۆنە کوردەکانەوە بەئێعدام مەحکووم کرا.
ترۆر
ڕۆژی هەینی ۳۱ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی تەرمی مامۆستایەکی قوتابخانە بەناونیشانی “فەرزادوەزیری” تەمەن ۲۸ساڵ خاوانی پلەی ماستەر لەماڵی باوکی خۆی لەشاری سنە دۆزرایەوە.
شەوی سێ شەممە ۲ی ڕەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی لەشاری دەربەندیجانی سەربە پارێزگای سلێمانی لەباشووری کوردستان دوو کەس لەدەست وپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەوڵێکی تیرۆریستی دا، بەچەکی بێدەنگ کراو فیشەکیان نابەسەر چالاکوانی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “لوقمان شەهابی”یەوە.
دو شەممە ۲ی رەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی لاوێکی کورد بە ناوی وەحید عیلمایی خەلکی کرماشان بەندکراو لە بەندیخانەی گەوهەردەشتی شاری کەرەج بە هۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو بەندیخانەیە گیانی لەدەست داوە..
زیندان و گرتوخانە
سێشەممە ۱۳ی خەرمانانی ۹۷, نەجەف مێهدی پوور رۆژنامەنووس و بەرپرسی دووحەوتوونامەی داخراو “باختر زمین” لە لایەن دادگای شۆرشی ئیران لە ئیلام بانگهێشت کرا و بە تۆمەتی بێرێزی بە رێبەری حکومەتی ئێران و پروپاگەندە دژی حکومەت بە یەک سال زیندان سزا درا.
ڕێکەوتی ۱۰ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی کۆڵبەرێکی گەنجی کورد بەناونیشانی ” مەحموود کتابی” خەڵکی شاری بانە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی خۆی لە دەست دا.
ئارمان غەفووری لە چالاکانی مەدەنی و لەئەندامانی چیای سەوزی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سێ شەممە ۱۳ی خەرمانان دوو چالاکی ژینگەپارێز بەناوەکانی “سامان مەنسووری” و “جەماڵ محەممەدی” لەشوێنی کارەکەیان لە شارۆچکەی پیشەیی ۲ لەلایەن ئەو هێزانەی جلی مەدەنیان لە بەردابوو دەسبەسەر وگوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.
چوارشەممە ۲۱ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە جلی مەدەنییەوە لەسەر شەقامیشاری شـــنۆ دوو چالاکی مەدەنی وکۆمەڵایەتی بە ناوەکانی ” خالید گەنجی” و ” ڕەشید ناسرزادە” یان دەسبەسەر کرد.
هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم شارەدا، سێ چالاکی ناسراوی کورد بەناوەکانی “سۆران دانشوەر،ئارام فەتحی و موسلیم بەهرامی”یان دەسبەسەر کردووە.
کرێکارانی دەسبەسەر کراوی چالاکوانی کرێکاری شاری سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کران.
دوابەدوای مانگرتن گشتی ڕۆژی چوارشەممە ۲۱ی خەرمانانی ۹۷ی هەتاوی هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکانی لەزۆربەی شارەکان هەڵیان کوتایە سەر چالاکوانانی مەدەنی وژینگەپارێزی و لەشاری مەریوان ۱۳ کەس دەسبەسەر کران.
لە بڕواری ۲۲ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی، هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە، سورەیا خدری لە چالاکانی ئەم شارە و لەگەڵ دو منداڵی دەست بەسەر کرد.
سێ شەممە ۲۰ی خەرمانانڕۆژێک بەرلە مانگرتنی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ۷کەس لە هاوڵاتیانی شاری ڕەبەت سەربە سەردەشت بە ناوەکانی جەعفەر ڕەسوڵپوور، بەهمەن ددان ساز، محەممەد خەڵکی گوندی لەیلانە، محەممەد ئەمینی خەڵکی گوندی سوێروێ، وەفا و محەممەد خەڵکی گوندی جبرەند لەلایەنئیدارەی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

هاوڵاتییەکی کورد بەناونیشانی ” بەرزان محەممەدی کوڕی ئەحمەد” لە ناڕەزایەتییەکانی گەلاوێژی ئەمساڵ لە شاری تاران دەسبەسەر وپاش مانگێک دۆخی قەزایی ناوبراو ناڕوونە.
ئەحمەد ئەمینی چالاکی کرێکاری و لەکرێکارانی دەرکراوی کۆمپانیای” فولاد زاگرۆس” لەلایەن لقی یەکی دادگای کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بەتۆمەتی سوکایەتی بە ڕێبەری ئێران ۶مانگ زیندانی هەڵپەسێراوی بۆ دیاری کرا.
رۆژی ٢٨ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی، پەسەندی سزای دادگەی سەرەتایی لە لایەن دادگەی پێداچونەوە، بە چالاکی مەدەنی کورد «ئەرسەلان بۆڕنا» راگەیەندرا.
پاش تێپەڕبونی ۳ مانگ لە دەست بەسەر کردنی کاوە بابا مورادی چالاکی بواری مەدەنی و ژینگەپارێزی کورد تا ئێستە هیچ زانیاریەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو لە بەردەست نییە.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو سێ چالاکی کەلتووری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوەکانی ” مستەفاباقری ئاشنا ” بەدانانی بارمتەی ۲۰۰ ملوێن تمەنی ” سەید ئەردەشیر موسەوی” بەدانانی بارمتەی ۱۵۰ ملوێن تمەنی و ” ئەرسەلان هیدایەتی” بە دانانی کەفالەت لە زیندانی دیزەڵ ئاوا لە کرماشان ئازاد کراون.
زیندانییەکی دیکەی کورد بەناونیشانی ” شەهریار تەهماسبی” بەهۆی ئەوەی نەیتوانی بارمتەی ۱۵۰ ملوێن تمەنی جێبەجێ بکات، هەر لەو زیندانەدا ماوەتەوە.
۳۱ی خەرمانانی ۱۳۹۷، حوکمی دوو هاوڵاتی کورد بەناوەکانی “ڕەحیم مەحموودی ئازەر ” و ” مستەفا قادر زەینەب” کە پێشتر هەرکامیان بە ۱۱ساڵ زیندان مەحکووم کران.
دووی ڕەزبەری ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی شەش هاوڵاتی کورد لەشاری بانە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.ناسنامەی دەسبەسەر کراوان بەم شێوەیە: «میلاد رسولی، محسن قادر پناهی، ارکان رضایی، رزگار محمدی، طیب احمدی، عطا رشیدزاده»
چوارشەممە ڕێکەوتی ۲۱ی خەرمانانی ئەمساڵ ئیتلاعاتی سپای کۆماری ئیسلامی لەشاری مەریوان، دووچالاکی مافی مرۆڤی و سیاسی” عەدنان ڕەشیدی” و ” کەیومەرس ڕەشیدی” سێ جار بانگهێشتی ئەم دامەزراوە ئەمنییە کردووە و لێپرسینەوە وهەڕەشەی توندی لێکردوون:
دووشەممە ۲ی ڕەزبەری ساڵی ۹۷ی هەتاوی ، هاوڵاتییەکی کوردی جەڵکی شاری سەقـــــز بەناونیشانی “کامیل عەزیزی” لەلایەن ئیلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
ئیجلال قەوامی ڕۆژنامە نوس و چالاکی مەدەنی لە لایەن دادگای ۱۰۹ ی تاوانی ۲ی ئێران لە شاری سنە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندا بە مەبەستی شێواندنی بیر و باوەڕی گشتی ، بە ۸ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرا.
دووی ڕەزبەری ساڵی ۹۷ی هەتاوی، کازم ئیمان زادە، بەرپرس وسەرنووسەریی ماڵپەڕی هەواڵگری هیوا نیووز بە وەرگرتنی نامەیەکی بانگهێشت، لەلایەن لقی یەکی دادگای سزاکانی کۆماری ئیسلامی لەشاری ســـــــنە، دەبێت لە ماوەی دە ڕۆژدا لەو دادگایە ئامادە بێت.
شەوی شەممە ڕێکەوتی ۷ی ڕەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی خوێندکارێکی کوردی زانکۆی ڕازی بەناونیشانی “ئیبراهیم ئێسکافی” پاش پشکنینی ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانیکۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری کرماشان دەسبەسەر وگوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
چالاکێکی مەدەنی بە ناوی سادق رۆستەمی خه ڵکی شاری سنە بە تۆمەتی تەشهیر و سوکایەتی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی یەکی دادگای ئێران لە شاری سنە بانگهێشت کراوە .
ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لانیکەم چوار کەس لە هاوڵاتیان لە پارێزگای ورمێ بەتۆمەتی ” هاریکاری حیزبە ئوپۆزیسیۆنە کوردییەکان” دەسبەسەر کران.ئەم هاوڵاتیانە پاش دەسبەسەریلەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ناونیشانی دەسبەسەرکراوان بریتین لە” ئەنوەر جەنگی، حەسەن ئەرتەنگ، ئارام خورسەندی و ئەفسانە خورسەندی”
لە رێکەوتی ۲٤رەزبەری ئەمساڵ چالاکی میدیایی و بەڕێوەبەری ماڵپەڕی (هەواڵ) بە ناوی رەسوڵ رەحیمی (هەژار) بۆ دادگەی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ بانگهێشت کرا.
کۆلبەران و کاسبکاران
سێ شەممە ۱۳ی جەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی ، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەقــز لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناونیشانی “ئاکۆ مینایی” ، ۲۳ساڵ تەمەن و کوڕی تەفێق ،جەڵکی گوندی ” پیرەومەران سەربە شاری سەقز بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی برینداربوو.
سێ شەممە ۲۰ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی زیندانییەکی کورد بەناونیشانی “سەجاد جەماڵی فەرد” لەزیندانی ناوەندی ورمێ بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و نەگواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گیانی لە دەست دا. لەلایەکی دیکەوە لەماوەی حەوتووی ڕابردوو ، دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی ” غوڵام ڕەزا توبراق قەلعە ” کەبەتۆمەتی مەشرووب دەسبەسەر کرابوو ،هەروەها “ڕەزا مەلەکڕەزایی” بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لەدەستدا.
ڕۆژی ۱۳ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی هێزە ئینتزامییەکان لە شاری ورمێ لەکاتی دەسبەسەری شارۆمەندێکی کورد بوون بە هۆکاری مردنی عەرەب تیو.
چوارشەممە ۲۱ خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی، لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نزیک بەنداوی ” گاڕان” لە نزیک شاری مەریوان کاسبکارێکی بانەیی بەناوی زانا موحەمەدی کوڕی ئیسمائیل و خەڵکی بانە لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزەدا دوو گولە بەر سینگ و شانی دەکەوێت و بە هۆی خەستی برینەکانی گیانی لەدەست داوە بوە قوربانی و گیانی لە دەست داوە.
سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٧ هەتاوی کۆڵبەرێکی کورد تەمەن ٤٧ ساڵ بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەستدا. ئەسکەندەر گاگەشی کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی «کانی زەرد» سەر بە شاری سەردەشت بە هۆی تەقینەوەی مین لە کوێستانەکانی «مامەند و هەڵشۆ» لە هەرێمی کوردستان لە کاتی کۆڵبەرییدا گیانی لە دەست دا.
یەکشەممە ۲۵ی خەرمانانی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە ڕەحیم باپیری لەسنووری شاری سەردەشت بەهۆی تەقەی هێزە سنوورییەکان بەگرانی بریندار بوو.
یەکشەممە ۲٥ی خەرمانان، لەنێوان سنوورە دەستکردەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو کۆڵبەر بەناوی (ن، م) بە تەقەی پاسدارانی ئێران برینداربوون و گەیەندرانە نەخۆشخانەکانی باشوری کوردستان لە سنووری هەولێر.
۲۶ی خەرمانانی ۱۳۹۷، هەشت کۆڵبەر کەلەکاتی ڕۆیشتن بۆ سنووری ناوبەری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بوون ، بریندار بوون. دەورووبەری نێوەڕۆ ماشینێکی تۆیۆتا ئیستێشێن کە هەڵگری تاقمێک کۆڵبەر بوو لەگەڵ ماشینێکی پژۆپارس پێکدا دەدەن کەبەم هۆیەوە شۆفیری پژۆکەو ۸ کۆڵبەر بریندار دەبن.
سێ شەمە ۲۷ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی لە سەر سنوری چڵدۆران هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستەیەک لە کۆڵبەران دەدەنە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بەناوی ” نێعمەت شەهبازی حەیدەرانلوو” تەمەن سی ساڵان دانیشتوی گوندی عیسا گولیک سەر بە چاڵدۆران گیانی لەدەست دەدات و هەروەها ئەم کۆڵبەرە لە ژیانی هاوبەشی خۆیدا خاوەن دوو منداڵە، هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوگەلی “محمد حسین نژاد ” و” پەیمان قولی زادە ” بە خەستی بریندار دەکرێن.
پێنج شەممە ڕێکەوتی ۲۹ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی کۆڵبەرێکی کورد بە ناونیشانی “یادگار مەحموودی” ۲۳ ساڵ تەمەن خەڵکی شمشێر بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکانی ” کل هەراتی نەوسوود” بریندار بوو.
سێ کۆڵبەری کورد شەوی ڕابردوو ۲ی ڕەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی کەوتن بەسەر مینێکی تەڵەیی سپای پاسداران ،کە بەو هۆی تەقینەوەی مینەکە دوو کەسی کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکەش پای بریندار بووە.
پێنج شەممە ۵ی رەزبەری ۱۳۹۷، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی «بێهزاد قاسمی کوڕی مەمەند» خەڵکی شاری رەبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنوری سەردەشت دڵی دەوسەتێت و گیان لەدەست دەدات.
دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی سەڵماس بەناوەکانی “عەبدولعەزیز فەنەکی” و ” میرحاج عەلیزادە” لەڕێی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەگرانی بریندار بوون.
کوشتن و خۆکوژی
چوارشەممە ۱۴ی خەرمانانی ۹۷ ژنێکی گەنج خەڵکی شاری بۆکان دەستی دایە خۆکوژی کە بەو هۆیەوە گیانی خۆی لە دەست دا. بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی موکریان، ژنێکی گەنج بەناونیشانی (چ.ص), ۳۲ساڵ تەمەن و خەڵکی بۆکان، لەگەڕەکی فەرهەنگیانی ئەو شارە لەڕێی پەت هەڵخستن بۆ خۆی کۆتایی بەژیانی هێناوە.
لە گوندی “پاڵان”ی سەربە ناوچەی بوولەرزە لێدڕاوی سەلاسی باوەجانی پارێزگای کرماشان تازە بووکێک بەهۆی کارەباوە گیانی لە دەست دا.
رۆژی ۲۳ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی، کچێکی لاو بە ناوی ” سومەیە ” لە شاری سنە لە رێگای بەکار هێنانی لەچکەکەی خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. لە لایەکی ترەوە لە رۆژی ۲۰ی خەرمانان کچێکی گەنج بە ناوی ” میهەن” لە شاری ئیلام بە خواردنی حەب کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێنا
شەممە ۳۱ی خەرمانانی ئەمساڵ گەنجێکی ۲۵ساڵ تەمەن ،خەڵکی گوندی “یەنگیجە”ی سەربە شاری بۆکان ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو گیانی بەخت کرد.
سێشەممە ۱۳ی خەرمانانی ۱۳۹۷، ژنێکی گەنجی سەردەشتی بە ناوی شەبنەم رەسوڵی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ئەو زانیارییانەی کە گەیشتوونەتە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، باس لەوە دەکەن کە اوبراو بە هۆی کێشەی خێزانی دەستی داوەتە خۆکوژی و لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
سێ شەممە۲۸ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی کاتژمێر ۱۲ ژنێکی ۳۰ساڵ تەمەن بەناونیشانی ” موژدەعەزیمی” خەڵکی گوندی ” ناوتەنگی خان مەنسوور) ی شاری ئیسلام ئاوای ڕۆژئاو دانیشتووی شاری سەربەندەری خوزستان لەڕێی پەت هەڵخستن بۆ خۆی کۆتایی بەژیانی هێنا.
ڕۆژی چوارشەممە ۱۴ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی ژن ومێردێکی گەنج بەناوەکانی ڕەزا سەحرایی و ویدا ڕۆستەمی گراوەند خەڵکی سەرابلەی سەر بە ئیلام لەڕێی خواردنی حەبی برینج ـەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیانهێنا.
شەممە حەوتی ڕەزبەری ۹۷، گەنجێکی خەڵکی شاری شنۆ دایکی خۆی کوشت. بەگوێرەی هەواڵتکە، “نەشمیل مەولوودی” تەمەن ۳۳ساڵ ،خەڵکی گوندی ” گەندیلاو” ودانیشتووی گەڕەکی “سەیدئاوا”ی شاری شنۆ بە لێدانی پێنج فیشەک کوژرا.
ژینگە
ئاگر کەوتنەوە لە ناوچەی ملیە سیل مەلەکشاهی ، یەکێک لە جوانترین و گەورەترین دارستانەکانی بەڕوی ئیلام
ئاگرکەوتنەوەی گوندەکانی مەریوان دوو ڕۆژە بەردەوامی دەکات
ئاگرکەوتنەوەو سوتانی لەوەڕگەکانی سەرپێڵ زەهاو و دارستانەکانی دەرەوەران و شاخی کۆساڵان
نیزیکەی ۱۰۰۰ هیکتار لە دارستانەکانی مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچون.
کوشتنی ئەسب وباربەری کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی سنوورپارێزی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە

نارەزایەتی شارومەندان

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بوومەلەرزە لێدراوانی پارێزگای کرماشان
مانگرتنی گشتی کوردستان/ دەسبەسەری و هەڕەشە لە چالاکان و هونەرمەندانی کورد لەلایەن حکوومەتەوە

هەڵاواردن و جیاوازی نەتەوی
حکومەتی ئێران چاندنی زەعفەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغە کردووە
ڕێژەی بێکاری ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردوستان سنووری بەزاند
حکومەتی ئێران دەستی گرتووە بەسەر تەرمی زانیار و لوقمان مورادی
ڕێگری ئیدارەی ئیتلاعات لە بڵاوکردنەوەی ئاگاداری پرسە بۆ زانیارمورادی زیندانی سیاسی ئێعدام کراو لەشاری مەریوان
بومەلەرزە لێدراوانی کرماشان بۆ کردنەوەی سەر پەنایەک ئامادەن گورچیلەی خۆیان بفرۆشن
هەڵکشانی سەرسووڕهێنەری هەژاری لەساڵی ۱۳۹۷
سەرهەڵدانی نەخۆشی لە مەریوان بە هۆی کۆ کردنەوەی ناتەندروستی زبڵ لەو شارەدا
۱۷ هەزار خوێندکاری بەجێ ماوە لە خوێندن لە پارێزگای کرماشان
لابردنی ناوی گۆلی ورمێ لە نێو کتێبی خۆێندنگا سەرەتاییەکان
۲۵ گوندی مەهاباد تووشی قەیرانی ئاوی خواردنەوە هاتوون
راگەیاندنی نەهێنی/ هەڕەشە بۆ سەر دوکاندارانی شاری سنە بە بۆنەی داخستنی بازاڕی ئەم شارە

مین
تەقینەوەی مینێک لەگوندی “دڵ” ی سەربە مەریوان بوو بەهۆی پەڕینی پێی گەنجێکی چل ساڵ تەمەن بەناونیشانی “مەهدی خوگر” لەکاتی کارکردندا لە باخێکی نێزیک گوندی “دڵ”.
سێ شەممە یەکی ڕەزبەری ۹۷ی هەتاوی لەهەوڵێکی خاوێنکردنەوەی گۆڕەپانی مین لە ئیلام ،شاری دێلوڕان، ناوچەی بەیات(تەنیشت بنکەی سەربازی بەیاتی ۲) عەبدولکەریم محەممەدی لە ئەندامانی ناوەندی چنینەوەی مین دەکەوێت بەسەر مینێک
دەبێ.
مین رێژ کردنی سنوری نێوان مەریوان و پێنجوێن لەلایەن سپای قودسەوە

باکوری کوردستان
ڕاگەیەندراوی مانگرتن لەخواردنی زیندانیانی سیاسی باکووری کوردستان لەمەڕ مەحکووم کردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان
ڕادەست کردنەوەی شاکر باقی زیندانی سیاسی کورد بۆ تورکیا
پۆلیسی تورکیا هێرشی کردە سەر گردبوونەوەی هەدەپە
باشوری کوردستان
بەهۆی هێرش وپەلاماری ئێرانەوە ۹کەس کوژران و ۳۰کەسیش برینداربوون لە باشووری کوردستان

ئیتر
چالاکانی مەدەنی کورد خوازیاری ڕاگرتنی ئێعدامی زیندانیانی کوردن
لەسێدارەدانی لاوانی کورد بوەستێنن/ گیانی گیراوانی کورد لە مەترسیی دایە

لەچاوپێکەوتنی ئەردوغان و خامنەیی لەئێران ، کوردستان پێنج جار قوربانی دا
لەسێدارەدانی لاوانی کورد/ گەلی کوردستان بێدەنگی بشکێنن
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلەکەمان، سبەی بە هەر رەنگ و دەنگێک کە هەتانە، بەشداری مانگرتنی گشتی بن
پارێزەری ڕامین حسێن پەنایی: جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین حسێن پەنایی لەچوارچێوەی یاسادا نەبوو

مەحکووم کردنی ئێعدامی زیندانیانی کورد لەلایەن کۆمیسەری مافی مرۆڤی ڕێخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
دەسپێشخەری خێرای لێبودەیی نێونەتەوەیی لەهەمبەر بڵاوکردنەوەی تلەفزیۆنی “دانپێدانان”ی زۆرە ملەی دووزیندانی کورد بەناوەکانی هوشمەند عەلیپوور و محەممەد ئۆستادقادر.
راپۆرتی بەرپرسی گشتی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە هەلومەرجی مافی مرۆڤ لە ئێران بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان
دۆخی نەشیاوی پەنابەران لە وڵاتانی بوسنی،کرواتیا و سربستان
سپای پاسداران هێرشە تێروریستەکەی بۆ بنکە وبارەگاکانی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستانی گرتە ئەستۆ
نامەی سەرئاوەڵای بنەماڵەی چالاکی گیراو بێهنام ئیبراهیم زادە.

لە دوایدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، هەوڵ بدەن بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆیان و هەر جۆرە پێ شێلکاریەک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ ئەوان دەکرێت، دەنگی خۆیان بە خەڵکانی جیهان بگەیەنن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
به‌روار:  03/10/2018
535   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   664
کۆی سه‌ردان:   29231141