ئیتلاعاتی ئێران هەڕەشە لە بنەماڵەی دوو چالاکی کورد دەکا
مالمۆکورد


له ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ۲۱ی خەرمانانی ئەمساڵ ئیتلاعاتی سپای کۆماری ئیسلامی لەشاری مەریوان، دووچالاکی مافی مرۆڤی و سیاسی” عەدنان ڕەشیدی” و ” کەیومەرس ڕەشیدی”  سێ جار بانگهێشتی ئەم دامەزراوە ئەمنییە کردووە و لێپرسینەوە وهەڕەشەی توندی لێکردوون.

چوارشەممە هاوکاتە لەگەڵ مانگرنی گشتی تەواوی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بنەماڵەی ئەم دوو چالاکە کوردە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لەڕێی تلەفوونەوە چەنددین جار هەڕەشەیان لێکراوە وبۆ ڕۆژی دوایی بانگهێشتی ئەم ناوەندە ئەمنییە کراون ولەهەمبەر چالاکییەکانی ئەم دوو هەڵسوڕاوە کورد هۆشداریان بە بنەماڵەکانیان داوە.

بەکوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: لەماوە دە ڕۆژی ڕابردوو سێ جار لەگەڵ برا و بابی ” عەدنان ڕەشیدی” و ” کەیومەرس ڕەشیدی” چالاکانی سیاسی کوردی دانیشتووی باشووری کوردستان بانگهێشت وبۆچەنددین کاتژمێر دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا دەڵێ: بەهۆی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان لەمەڕ بڵاونەکردنەوەی ئەم بانگهێشت و گوشارانە،لە وردەکاریەکانی چۆنیەتی هەڕەشەکان هەواڵێک نەهاتووە.

عەدنان ڕەشیدی زیندانی سیاسی پێشوو وچالاکی مافی مرۆڤی کورد هاوینی ساڵی ۹۶ بەهۆی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ،لەلایەن ئیدارەی ئاسایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەشاری پێنجوێن دەسبەسەر کرا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیهەویست دیپۆڕتی ئێرانی بکاتەوە کەبەهۆی ناڕەزایی چالاکانی کورد و ڕێخراوە مافی مرۆییەکان ڕێگری لەو پیلانە کرا.

هەروەها کەیومەرس ڕەشیدی چالاکی سیاسی کورد بەهۆی چالاکی سیاسی، ساڵی ۱۳۹۱ سپای پاسداران هەوڵی دەسبەسەری ناوبراوی دا لەشاری کانی دینار سەربە مەریوان وتەقەی لێکرا. ئەم کالاکە کوردە لەو سەردەمەوە تائێستە لەهەرێمی کوردستان وەکوو پەنابەر نیشتەجێ بووە.

جێی بیرهێنانەوەیە : ساڵی ۹۵ ئەو بارمتەیەی بنەماڵەی عەدنان ڕەشیدی لەبریتی ئازادی کاتی ناوباو دانرابوو ،لەلایەن دادگای کۆماری ئیسلامییەوە لە مەریوان بەقازانجی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەردا گیرا.

عەدنان ڕەشیدی ئەندامی شۆرای ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ساڵی ۱۳۸۴ ی هەتاوی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر و ۱۲ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕدرایەوە و بۆ ماوەی ۸ساڵ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران زیندانی بوو، ناوبراو لەبەر دەرمان وچارەسەری پزیشکی لەدەرەوەی زیندان بەدانانی بارمتە هاتەدەرەوە و لەودەمەوە لە باشووری کوردستان نیشتەجێیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
به‌روار:  28/09/2018
499   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1225
کۆی سه‌ردان:   29265882