ساڵوەگەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان
خەڵك- بەشی هەواڵ
ساڵێك لەمەوبەر لە 25ی ئەیلوولی 2017دا باشوری كوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساز كرد پێچەوانەی خواستە نێودەوڵەتی و هەرێمی و عێراقی و نێوخۆییەكان بۆ دواخستنی، بەڵام دواجار لە ژێر فشارەكاندا ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵپەسێردرا و زۆرتر لە نیوەی خاكی باشوری كوردستانیش لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە داگیركرا.
لە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2017 لە كۆبوونەوەی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری سازكردنی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلولی ئەو ساڵەدا درا.
لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی سازكردنی ریفراندۆم تا دەهات دەنگی ناڕەزایەتی نێوخۆیی لە دژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم فراوانتر دەبوون و بەرەیەك بە ناوی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا خۆی ڕاگەیاند.
هاوكات حزبەكانی وەك بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی دژایەتی خۆیان بۆ وادەی سازكردنی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و، پێیانوا بوو كاتەكەی نەگونجاوە.
دەنگی ناڕەزایەتی گەیشتە نێوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هاوپەیمانی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لە سازكردنی ریفراندۆم لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و حزبە بچوكەكان و چەندین بەیاننامە لە هەندێك لایەنی نێو یەكێتییەوە بڵاوكرانەوە و دژایەتی خۆیان بۆ سازكردنی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند بەتایبەت لە پارێزگای كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان.
جیا لە فشارە نێوخۆییەكان، فشارە عێراقی و هەرێمییەكانیش لەلایەن بەغدا و تاران و ئەنقەرەوە زۆر توند بوون و هەڕەشەی كاردانەوەی بەهێزیان لە دژی هەرێم دەكرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان بە بەهێز دەزانی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندیان لەلایەن وڵاتانی هەرێمی و بەغداوە بە دوور دەزانی، چاوەڕێشیان نەدەكرد بە ئاسانی وڵاتانی خۆرئاوایی پشتیان بەربدەن.
نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپاییش هاتنە سەر خەت و بە چەندین شێوازی جیاواز داوای ڕاگرتنی ڕیفراندۆمیان كرد و ژمارەیەك بەڵینیشیان بە كورد دا.
ڕێكس تێلەرسن وەزیری پێشووی دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نامەیەكی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم كرد و تێیدا كۆمەڵێك بەڵێنی بە كورد دا لە حاڵی ڕاگرتنی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، بەڵام نامەكە ڕەتكرایەوە.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان سووربوون لە سازكردنی ڕیفراندۆم و سەرجەم فشارەكانیان ڕەتكردەوە و گوێیان پێنەدان، لە 25ی ئەیلول ڕیفراندۆم سازكرا.
بەپێی ئەنجامەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم 92%ی هاووڵاتیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا، هەرچەند هەندێك گومان لەسەر پرۆسەكە و ئەنجامەكەی هەبوون.
چەند رۆژێك دوای ڕیفراندۆم و دەستپێكردنی فشارەكانی عێراقی و هەرێمی بۆ سەر باشوری كوردستان و بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئاست فشارەكانی بەغدا و دەرودراوسێ، مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە دەرگای گفتووگۆ دانەخات.
لە ڕۆژی ڕیفراندۆمیشدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم بە واتای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نایەت و ئەو ئاڵای عێراقەی لە تەنیشتییەوە داندراوە، دوای 25ی ئەیلول لە 26ی ئەیلولیش لە جێی خۆی دەمێنێتەوە.
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هێزە عێراقییەكان دوای وەڵامنەدانەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە خواستەكانی بەغدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم، هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان دەستپێكرد.
دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی و پارتی لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا هێزە عێراقییەكان كەركوك، خورماتوو، خانەقین، جەلەولا، سەعدیە، پردێ، مەخمور، گوێر، شەنگال و زۆرینەی ناوچەكانی دیكەیان كۆنتڕۆڵكردەوە و دەسەڵاتی كوردی گەڕێندراوە بۆ سنوورەكانی پێش 2003.
یەكێتی و پارتی تاكو ئێستا یەكدی بە “خیانەت” و هەڵهاتن لەبەرەكانی جەنگ و شەڕنەكردن لەگەڵ هێزە عێراقییەكان تۆمەتبار دەكەن و ئەوە بووەتە بابەتێكی سەرەكی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە هەفتەی ئایندە سازبكرێت.
هاوكات لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە پێچەوانەوەی چاوەڕوانییەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم، فڕۆكەخانەكانی هەرێم داخران و كۆمەڵێك سزای دیكەی توند سەپێندران بەسەر هەرێمدا.
ئێران و توركیاش دەروازە سنورییەكانیان داخست و گەشتەكانیان بۆ فڕۆكەخانەكان ڕاگرت، كە تا ئێستا گەمارۆی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەڵنەگیراوە و دوێنێ بۆ ماوەی 3 مانگی دیكە درێژكرایەوە.
هاوكات لەگەڵ ئەو ڕووداوانەدا لە 29ی ئۆكتۆبەری 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم دەستی لەكاركێشایەوە و دەسەڵاتەكانی دایە پەرلەمان و حكومەت.
هاوكات تەمەنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمیش درێژكرایەوە بۆ ماوەی ساڵێك و هەڵبژاردنی پەرلەمان كە بڕیاربوو لە 1ی تشرینی یەكەم سازبكرێت، دواخرا.
لە بەردەوامی فشارەكان و ڕەتكردنەوەی داواكاری دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا، هەرێم ناچاربوو مەرجە قورسەكەی بەغدا بەلایەنی كەمەوە جێبەجێبكات، ئەویش هەڵپەساردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم بوو، كە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكرد.
ئێستا دوای ساڵێك لە سازكردنی ڕیفراندۆم، وەك دەستكەوتێكی نەتەوەیی گەلی كورد لە چوار پارچەی كوردستان و جیهاندا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، كە جێگای شانازیی هەموو كوردە لەسەرانسەری جیهاندا، بەوەی بۆ یەكەم جار لە پرۆسەیەكی فەڕمی ئاشكرادا كورد بە گوێی جیهانیدا دادا كە سەربەخۆیی دەوێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕووی واقیعییەوە خەسارێكی زۆری لە باشوری كوردستاندا بەوەی نێوەزۆرتری خاكی باشور لە دەستدرا و لە ڕووی ئابوریشەوە خەسارێكی گەورەی هەبوو جیا لە كاریگەری لەسەر پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
ئێستاش جگە لە پرۆسەیەكی ڕابردوو ڕیفراندۆم لەسەر ئەرزی واقیع لە گۆڕێدا نییە، حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمیش كە ڕیفراندۆمیان سازكرد هەموویان ڕوویان لە بەغدا كردووە و چاویان لە وەرگرتنی زۆرترین پۆستەكانی بەغدایە.
لە نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا ململانێیەكی سەخت هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.
بهروار: 25/09/2018
624 جار خوێندراوهتهوه
|