“تا ئێستا جەندرمە ٧٥ منداڵی سورییان لەسەر سنور کوشتووە”
خەڵک-
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ و پاش کوژرانی دوو برا بە دەستی جەندرمەی تورکیا، ژمارەی ئەو ھاوڵاتییە سوریاییانەی بەدەستی ھێزەکانی تورکیا کوژراون، ٤٠٠ کەسی تێپەڕاندووە، بەشێکی زۆیشیان ژن و منداڵ بوون.
ڕێکخراوی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو برای خەڵکی گوندی (خربە ئەلجۆز) لە پارێزگای ئیدلیب لە کاتی ھەوڵی چوونە نێو تورکیا بە ڕێگای قاچاخ، ھێزەکانی تورکیا تەقەیان لێکردوون، یەکیان لە جێدا کوژراوە و ئەوی دیکەیان گرتووە، دواتر لە ژێر ئەشکەنجەدا ئەوی دیکەشیان کوشتووە.
ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەو ٢ کەسەی ئەمڕۆوە، ھێزەکانی تورکیا لەسەر سنور تا ئێستا ٤١٠ ھاوڵاتیی سوریاییان کوشتووە، کە ٧٥ یان منداڵ و ٣٧ یشیان ئافرەتی سەروو ١٨ ساڵ بوون.
ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەشی ڕاگەیاندووە: لەسەرەتای ھەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی سوریا لە بەھاری ٢٠١١ ــەوە تا ئێستا، زیاد لە ٢٠ ھەزار منداڵ لە شەڕدا کوژراون، دەیان ھەزاری دیکەش بریندار و کەمئەندامی ھەمیشەیی بوون
بهروار: 13/09/2018
1018 جار خوێندراوهتهوه
|