"رۆژھەڵاتی كوردستان مانگرتنی سەرتاسەریی رادەگەیەنێت"


K24 - ھەولێر

كەمپەینێك لە لایەن چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی نێوخۆ و رۆژھەڵاتی كوردستان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری راگەیاندراوە، ئەو كەمپەینە كە پشتیووانی حزبە سیاسییەكانیشی لەپشتە داوا لەخەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان دەكەن، لەھەمبەر ھێرشی مووشەكی ئێران بۆ سەر بارەگای حزبی دیموكرات ھەڵوێستیان ھەبێ و رۆژی چوارشەممە لە ماڵەكانیان نەیەنەدەر.

چوار رۆژ دوای مووشەكبارانكردنی بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستان، خەڵكی نێوخۆی رۆژھەڵاتی كوردستان دەیانھەوێ ھەڵوێست بگرن، كەمپەینێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان راگەیاندراوە، كە داوا لە خەڵك دەكات رۆژی چوارشەممە مان بگرن و لە ماڵەكانیان نەیەنە دەر، ئەو كەمپەینە لەلایەن چالاكوانانی مەدەنی و سیاسی راگەیاندراوە، بەڵام شەش لایەنی سیاسی رۆژھەڵاتی كوردستان كە لە ژێر ناوەندی ھاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران كار دەكەن، پشتیوانیان لێكردووە. ئەوان داوا دەكەن رۆژی چوارشەممە 21ی خەرمانان بكرێتە رۆژی كاردانەوە لەھەمبەر ھێرشی مووشەكی بۆسەر بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستان كە بووە ھۆی "شەھید"بوونی 15 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 40 كەسی دیكە.

چالاكوانانی نێوخۆو دەرەوەی رۆژھەڵاتی كوردستان لەدروشمەكانیاندا داوای یەكگرتن و بەدەنگەوەھاتنی خەڵك دەكەن، ئەوان دەڵێن ھەموو كوردستان قەڵای دیموكراتە. لەگەڵ ئەوەش ھەندێك كەس و لایەن ھەن كە پێیانوایە دەبێ مانگرتنەكە بەپێچەوانەی خواستی ئەو كەمپەینە بەشێوەیەك بێت كە خەڵك بە جل و بەرگی كوردییەوە، بێنە دەر و لە ماڵەكانیاندا نەمێننەوە. بەڵام زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان و چالاكوانانی مەدەنی و سیاسی نێوخۆی رۆژھەڵات داوا دەكەن كە رۆژی چوارشەممە كەس لە ماڵەكانیان نەھێنە دەر و دوكان و بازاڕەكان دابخەن.
به‌روار:  11/09/2018
609   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   496
کۆی سه‌ردان:   29254741