فڕاندن و سەربڕینی چوار گەنجی کورد لە خانەقین
گوندی یوسف به‌گ کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای خانه‌قین، لێره هه‌مووان خه‌مبار و تووڕه‌ن، خه‌مبار بۆ ڕووداوێك كه تێیدا له یه‌ك كاتدا چوار هاووڵاتی گوندهکەیان كوژراون و ده‌ڵێن داعش سهریبڕیون، توڕەشن له‌و هێزه ئه‌منییانه‌ی كه نەیانتوانیوە کۆنترۆڵى توندوتیژییه‌كانی سنووره‌كه بکەن.
ئێواره‌ی یه‌ك شه‌ممه شه‌ش هاوڵاتی گونده‌كه بۆ كات به‌سه‌ربردن له سێبه‌ری دارێكدا له‌سه‌ر ڕووباری ئه‌ڵوه‌ن كه به ته‌نیشت گونده‌كه‌یاندا تێپه‌ڕده‌بێت دانیشتبوون، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له دارستانه چڕه‌كه‌ی سه‌ر ڕووباره‌كه‌وه چوونه‌ته سه‌ریان و دهستگیریانكردوون، چواركه‌سیان سه‌ربڕیون كه دوانیان پێشمه‌رگه و دوانیشیان كاسبكاربوون، دوانیشیان ده‌رباز بوون كه هێشتا چیرۆكی ده‌ربازبوونیان ڕوون نییه.
له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری قوربانییه‌كان و ژماره‌یه‌ك له هاووڵاتیانی گوندی یوسف به‌گدا بۆ شوێنی فڕاندن و سه‌ربڕینی چوار هاوڵاتییەکە ده‌ڕۆین، شوێنه‌كه ناو دارستانه چڕه‌كانی كه‌نار ڕووباری ئه‌ڵوه‌نه، ئه‌وان به چه‌كه‌وه له‌پێشدا شوێنه‌كه ده‌پشكنن، بۆئەوەى دڵنیابنەوە کە هیچ چەکدارێک لە شوێنەکە بوونى نییە.
ئەمە یەکەم ڕووداوى توندوتیژى نییە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە سنورى خانەقین ڕوویدابێت، بەڵکو لە هه‌مان ئەو ڕۆژەى كه ئه‌و هاووڵاتییانه فڕێنران، له خانه‌قین بۆمبێك به ئۆتۆمبێلی به‌رپرسێكی ئه‌منیدا ته‌قییه‌وه و بەهۆیەوە شۆفێره‌كه‌ی برینداربوو، شه‌ڕیش له نێوان ژماره‌یه‌ك چه‌كدار (كه خەڵکى ناوچەکە ده‌ڵێن داعش بوون) و دانیشتووانی گوندێكی خانه‌قیندا ڕوویداو بەهۆیەوە گوندنشینێك برینداربوو.
له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه و توندوتیژییه‌كانی تری سنووره‌كه په‌یوه‌ندیمان به به‌رپرسانی ئه‌منی خانه‌قینه‌وه كرد، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون قسه له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه بكه‌ن.
دانیشووانی ئه‌م سنووره ده‌ڵێن چه‌ندینجار جموجۆڵی چه‌كدارانی داعشیان له‌ناو ئه‌م دارستانه‌دا بینیوه كه به ئازادی هاتوچۆدهكهن، هێزه ئه‌منییه‌كان له كۆی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه له‌دوای ١٥ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه ڕوویانداوه هیچ كه‌سێكیان به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی توندوتیژییه‌كان ده‌ستگیرنه‌كردووه.
ئێن ئاڕتی
بهروار: 11/09/2018
635 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|