3 سیاسەتمەداری کورد لە زیندانەکانى ئەڵمانیا ئازاد کران
کۆمەڵەى ئازادی کە بۆ مافى زیندانیانى کورد لە ئەڵمانیا لە تێکۆشاندایە لەبارەى ئەو سیاسەتمەدارە کوردانەوە کە بە هۆی "یاسای دژە تیرۆرەوە" دەستگیر و زیندانیکرابوون راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
کۆمەڵەى ئازادى لە بولتەنى مانگانەیدا رایگەیاندووە، سیاسەتمەداران بەدرەدین کاڤاک، عەلی ئۆزەل و عەلی حەیدەر دۆغان لە دواى تەواوبوونى سزاکەیان لە مانگى ئابدا لە زیندان ئازاد کران.
عەلی ئۆزەل چالاکوانى کورد لە شوباتی ٢٠١٥دا لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە دەستگیرکرا. مانگى تشرینى یەکەمی ٢٠١٦ لەلایەن دادگای باڵاى ئەیالەتى شتوتگارتەوە سزاى ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیى بەسەردا سەپێنرا.
سیاسەتمەدارى کورد بەدرەدین کاڤاک ماوەى ٢٤ ساڵ لە زیندانەکانى تورکیا و باکووری کوردستاندا لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە زیندانیکرابوو. لە دواى ئازادبوونى لە زیندانەکانى دەوڵەتى تورکیا چووە ئەڵمانیا، بەڵام لە ئابی ٢٠١٥دا لەلایەن دەوڵەتى ئەڵمانیاوە دەستگیرکرا.
کاڤاک لە دادگاى باڵاى ئەیالەتى هامبورگ دا لەبارەى تێکۆشانى ئازادیى کوردەوە بەرگرینامەیەکى بەرفراوانى پێشکەشکرد. بەڵام لە ئابی ٢٠١٦دا سزاى ٣ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
عەلی حەیدەر دۆغان کە هەفتەى رابردوو لە زیندانى بریمن ئازاد کرا، لە نیسانی ٢٠١٦دا دەستگیرکرابوو. لە مانگی ئاداری ٢٠١٧دا دادگاى ئەیالەتى بەرلین سزاى ٢ ساڵ و ٤ مانگ زیندانیى بەسەردا سەپاندبوو.
سەربارى ئەوەى سیاسەتمەدارانى کورد هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە، بەڵام لەم ساڵانەى دوایدا دەوڵەتى ئەڵمانیا ١٠ سیاسەتمەدار و چالاکوانى دەستگیر و زیندانى کردووە، کە بۆ ئازادیى گەلی کورد تێدەکۆشین. بەسەر هەر یەک لەو کەسانەدا سزاى ٢ ساڵ تاوەکو ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردن سەپێنراوە.
فورات نیوز
بهروار: 30/08/2018
667 جار خوێندراوهتهوه
|