پەخشی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە دوێنێ شەوەوە ڕاگیراوە
٢٩ى ئابى ساڵى ڕابردوو، پارتى و یەکێتى لەڕێى وەزارەتى ڕۆشنبیرییەوە بە بیانووى بڵاوکردنەوەى ڕیکلامى جوڵانەوەى نەخێر بۆ ڕیفراندۆم، پەخشى ناوخۆیی کەناڵى ئێن ئاڕ تییان ڕاگرت، ئەمساڵیش لە هەمان ڕۆژدا بە هۆکارێکى نەزانراو جارێکیتر پەخشى ناوخۆیی کەناڵى ئێن ئاڕ تى لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕاگیرا.

لە تازەترین پێشێلکارییدا بەرامبەر کەناڵى ئێن ئاڕ تى، لە شەوى سێشەممەوە پەخشى ناوخۆیى کەناڵى ئێن ئاڕ تی لە سلێمانى و هەولێر و دهۆک ڕاگیراوە، بەرپرسانی کەناڵەکەش دەڵێن تائێستا هۆکارى ڕاگرتنەکە نازانرێت.

هاوکات محەمەد گەردى بەڕێوەبەرى گشتى چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى هەرێم بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، وەزارەتەکەیان هیچ  کێشەیەکى یاسایی لەگەڵ ئێن ئاڕ تیدا نییە و ئاگادارى ڕاگرتنى پەخشەکەش نیین.

ڕاگرتنى پەخشى ناوخۆیی ئێن ئاڕ تى کاردانەوەى لێکەوتەوە و سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕاگرتنى پەخشى ناوخۆیی کەناڵەکەى ئیدانەکرد.

ئەمە بۆ جاری یەکەم نییە پەخشى ناوخۆیى ئێن ئاڕ تى لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە کە پارتى و یەکێتى پێکهێنەرین ڕادەگیرێت بەڵکو لە ماوەی ڕابردوودا دوو جاری دیکە بە پاساوى جۆراوجۆر پەخشى ناوخۆیی ئێن ئاڕ تى ڕاگیراوە.

٢٩ى ئابى ساڵى ڕابردوو بۆ یەکەمجار پەخشى ناوخۆیی ئێن ئاڕ تى بە بڕیارى پارتى و یەکێتى لەڕێى وەزارەتى ڕۆشنبیرییەوە ڕاگیرا ئەویش بە پاساوى بڵاوکردنەوەى ڕیکلامى جوڵانەوەى نەخێر بۆ ڕیفراندۆم، لەکاتێکدا کەناڵەکە بە شێوەیەکى پیشەیی ڕووماڵى پێشهاتەکانى دەکرد و کار و چالاکى و ڕیکلامى بەرەى بەڵێى بۆ ڕیفراندۆمیش بڵاودەکردەوە.

بۆ جارى دووەمیش  لە ٢٥ى ئەیلولى ٢٠١٧دا، بە بڕیاری بارزانى پەخشی ناوخۆیی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ڕاگیرا.

جگە لە ڕاگرتنى پەخشى ناوخۆیی ئێن ئاڕ تى، لە ماوەى حەوت ساڵى ڕابردوودا کەناڵەکە ڕووبەڕووى چەندین پێشێلکارى دیکە بووەتەوە، بەجۆرێک سوتان و داخستن و دەرکردن و دەستگیرکردن و شکاندن و لێدان و ڕێگریکردن و ڕاگرتنی پەخش و پەلاماردان و سنورداشکردن، بوونەتە بەشێک لە نازناوى کەناڵەکە.

جگە لە هەڕەشەکانیش ساڵی ٢٠١٣ هەوڵی تیرۆرکردنی شاسوار عەبدولواحید درا و بە سەختی بریندارکرا.

پێشێلکارییەکان بەرامبەر ئێن ئاڕ تى وەک هەمیشە کاردانەوەى فراوانى هاوڵاتیانى لێدەکەوتەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان دەڵێن لە هەرێمى کوردستان ٣٠ کەناڵی ئاسمانی و ٧٠ کەناڵی ناوخۆیی و زیاتر لە ٩٠٠ ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتی ئەلکترۆنى هەیە، بەڵام تەنها یەک ئێن ئاڕ تی هەیە.

لەناو زیاتر لەو هەزار میدیای بینراو و بیستراو و کەناڵی ئاسمانی و ناوخۆییەدا، تەنها یەک کەناڵ دەسوتێنرێت، یەک کەناڵ دادەخرێت، ڕۆژنامەنوسانی یەک کەناڵ ئاودیوی دێگەڵە دەکرێن، ستاف و ڕۆژنامەنوسە ئازاکانی یەک کەناڵ ئازاردەدرێن، تەقە لە خاوەنی یەک کەناڵ دەکرێت، ئەویش پێیدەڵێن کەناڵی هاوڵاتییان، کەناڵی ئێن ئاڕ تی.

دەشڵێن گوێ مەدەنێ و دڵخۆشبن کە ئەم دەسەڵات و حزبانە پاداشتتان ناکەن، بەڵکو سزاتان دەدەن، هەرکات ئەمانە بەرامبەر ئێن ئاڕ تی نەکرا، ئەوا بزانن ئەو کەناڵە گرنگی خۆی و پێگەی خۆی لەدەستداوە
به‌روار:  29/08/2018
691   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   564
کۆی سه‌ردان:   29261725