لابردنی پەیکەری ئەردۆگان لە ئەڵمانیا
شاری ڤیسبادنی ئەڵمانیا ئەو پەیکەرە کاتیـیەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیای لە گۆڕەبانێکی شارەکەی لادا پاش ئەوەی شەڕ و ئاژاوەی لێکەوتەوە.

ئەو پەیکەرە چوار مەتر درێژەی ئەردۆغان کە کێشەکەی 2.5 تۆن دەبێت و بە ڕەنگی ئاڵتۆنی ڕووپـۆش کراوە و لە گۆڕەپانی "یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا" دانرابوو، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە لە لایەن تیمێکی بەرگری شارستانی شارەکە لابرا و گواستیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

پەیکەرەکە لە لایەن کۆمەڵێک هونەرمەندەوە دانرابوو لە چوارچێوەی ڤێستڤاڵێکی ڕۆشنبیری کە لە شارەکە بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵ لە ژێر ناونیشانی " هەواڵە خراپەکان" دەبێت. ڕێکخەرانی ڤێستڤاڵەکە دەڵێن ئامانجیان لە پەیکەرەکە ئیستفزازکردن بووە لە ڕێگەی هونەرەوە و پـێـیان وایە سەرکەوتووبوون بەو پـێـیەی بێزاری لێکەوتەوە و خەڵکی وشەی ڕەخنەئامێزیان لەسەر نووسیبوو، لەوانە"هیتلەرەکەی تورکیا".

زڤێن گێریخی سەرۆکی شارەوانی ڤیسبادن لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت دانانی پەیکەرەکە کێشەی نایەوە و هەروەها لە نێو کۆمەڵگەی کوردی ناڕەزایی لێکەوتەوە، وە ناکرێت پـۆلیس بە شەو و ڕۆژ پاسەوانی بکەن، بۆیە بڕیاری لادانی درا.

پـێشتر کۆمەڵەی گەلانی ژێر هەڕەشە داوایان لە دەسەڵاتدارانی شاری ڤیسبادن کرد ڤێستڤاڵەکە ڕابگرن، دەڵێن ئەم پەیکەرەی ئەردۆغان ئازاری هەستی ئەو کەسانە دەدات کە قوربانی پـێشێلکاریـیەکانی ئەردۆغانن.

بەڵام هاوکاتی ئەم ناڕەزایـیانە، لایەنگرانی ئەردۆغانیش هەبوون بە خۆشحاڵیـیەوە وێنەیان لەگەڵ پەیکەرەکەدا دەگرت.

دەنگی کوردی ئەمریکا
به‌روار:  29/08/2018
822   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   956
کۆی سه‌ردان:   29264447