لە کۆڕێکی مێژووییدا مامۆستا مینە (محەمەد حسێن عەلی) لە لاهای خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا
س.ف
مالمۆکورد
ڕاپۆرته ههواڵ له هۆڵهنداوه:
لە کۆڕێکی مێژووییدا نوسەر و وەرگێڕ مامۆستا مینە
(محەمەد حسێن عەلی) لە لاهای خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا
له درێژهی کاروچالاکیهکانی یانهی کوردی "میدیــــا" له هۆڵهندا، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان- لە هۆڵەندا ، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 25-08-2018 بە ئامادەبوونی دەستەبژێرێک لە نوسەران و ڕۆشنبیرانی کورد، لە شاری لاهای پایتەختی سیاسی هۆڵەندا، نوسەر و شاعیر و وەرگێڕی ناسراو (مامۆستا مینە، محەمەد ئەمین حسێن عەلی) کە لە بەریتانیاوە بە تایبەت بانگێشت کرابوو، خەڵاتی ڕێزلێنانی هەردوو ڕێکخراوەکەی پێشکەشکرا.
هەروەها لە میانەی کۆڕەکەدا، مینە توێژینەوەیەکی ئەکادیمی دەربارەی مێژوو بە گشتی و مێژووی کورد بە تایبەتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، بە ناونیشانی (مێژوو دووبارە نابێتەوە، مێژوو دووبارە دەکرێتەوە)..
سەرەتا لە لایەن ئەکرەم ئەحمەد لێپرسراوی کۆمەڵەی پێشمەرگەدێرێنەکانی کوردستان لە هۆڵەندا، بە کورتی تیشکخرایە سەر ژیانی ئەدەبی و بەرهەمەکانی مینە و ئاماژە بەوەکرا، کە مامۆستا مینە یەکێکە لەو پێشمەرگە و نوسەرانەی شاخ، لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی ئەنفال، ئاوارەی ئێران بووە و پاشان لە وڵاتی بەریتانیا گیرساوەتەوە، خاوەنی دەیەها کتێبی دانسقەی چاپکراوە، هەر لەسەردەمی شاخەوە تا ئێستا، کتێبی(سەلیقەی کوردەواری)بە نمونە، کە لە کاتی پێشمەرگایەتیدا، ساڵانی ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی پێشوو نوسیوێتی و هەر لەوێ لە گۆڤاری کلتوری شاخدا چاپکراوە و پاشان دوای ڕاپەڕین لە سوید جارێکی دیکە چاپکراوەتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا مینە جگە لە شیعرەکانی و نوسینەکانی خۆی، چەندان کتێبیشی لە زمانە جیهانیەکانی وەک ئینگلیزی و فارسییەوە، کردووە بە کوردیی، دوا بەرهەمی چاپکراویشی، کە لەزمانی ئینگلیزیەوە وەریگێڕاوە، کتێبەکەی(مەیجەر سۆن)ە، بە ناونیشانی (گەشتێک بۆ میسۆپۆتامیا و کوردستان لە بەرگی نادیاردا)، لە کۆڕەکەدا کرا بەدیاری بۆ ئامادەبووان.
پاشان نوسەر لە توێژینەوەکەی خۆیدا باسی ئەوەی کرد، لەسەدەی پانزەوە ئیمپریالیزم دەستیکرد بە قۆناغی گەڕان و دۆزینەوەی خاکی بەپیت و پڕ لە سامانە سروشتییەکان، سەرەتا پورتوگاڵیەکان، پاشان لە لایەن ئیسپانیاوە هەردوو ئەمەریکا دۆزرایەوە، لەگەڵ کەناڵەکانی ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیند و ڕۆژهەڵاتی ئاسایا، هەروەها شەپۆلی ئیمپریالیزمە ئەوروپی لەسەرەتای سەدەی پانزەوە بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدە دەستی پێکرد.
لە چمکێکی دیکەدا نوسەر باسی ئەو گەشتیارانەی کرد، کە هەر هەموویان کاتێ کە هاتوونەتە ئەو وڵاتانە، وەنەبێ لەڕووی چاکخوازی و بۆ خزمەتی لایەنێک لە مێژووی مرۆڤایەتی، یان باری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئەو میللەتانەی لەسەر ئەو خاکانە دەژیان، هاتبن و تەنیا لە پێباوی خزمەت بە مرۆڤایەتیدا ئەو کارانەیان جێبەچیکردبێت، هەرچەندە ئەوەش ڕاستە ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە، زۆرێک لەوانر لە کارەکانیاندا کاری زۆر مرۆیانە و پڕ بە پێستی واتای چاکخوازی، زۆر شتیان پێشکەش مێژووی مرۆڤایەتی کردووە، لێرەدا نوسەر تیشکی خستە سەر ئەو کارە نایاب و پڕ زانیارییە دۆستانەیەی (مەیجەر سۆن)، لە پاقڵ ئەو ئەرکەی بۆی هاتۆتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، زۆر لایەنی شاراوە و نادیاری لە بواری مێژوویی، باری کۆمەڵایەتی،، کەسایەتی تاکی کورد، کولتوری نەتەوایەتی، لایەنی جوگرافیای ناوچەکە، پەیوەندی ئەو میللەتانەی دەوروبەریان و زۆر لایەنی تریشی بەوپەڕی ڕاستگۆیانە و نەترسانەوە ئاماژەو دیاریکردووە.
مینە دەربارەی ئەو کتێبەی میجەرسۆن جەخت لەوە دەکاتەوە، وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی ، ئەمڕۆ لە ڕووی زانستی و بابەتیانەوە، نەتەوەی کورد دەخاتە ئاستی بەرپرسیارێتیی ئەوەی چاوێک بە مێژووی خۆیدا بگێڕێتەوە و کەم تا زۆر خوێندنەوە بۆ ئەو زانستە بکات، بەپێی سەردەم و قۆناغە مێژووییەکان، هەڵە و ڕاستی ئەو زانستە دەبێ دیاری بکرێت، تا بتوانرێت لە داهاتوودا گۆڕانکارییەک لە ئاستی ژیانی سەردەمیانەی خۆیدا بکات.
بەڕای مینە لە لاپەڕەکانی ئەم کتێبەدا (گەشتێک بۆ میسۆپۆتامیا و کوردستان لە بەرگی نادیاردا)، ئەوە دەخوێنیتەوە، کە نەتەوەی کورد تا ئەم چرکەساتەش نەیتوانیوە، پەیوەندی مێژوویی و سیاسیانەی خۆی لەگەڵ میللەتانی دەوروبەریدا، بەشێوەیەکی زانستیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەڵ:کو زۆرجار هەڵسوکەوتی سادەوساکاری سۆزداری کاریگەربووە و گوێ نەدراوە بەلایەنی توێژینەوە و خوێندنەوەی مێژوویی و سیاسیانەی خۆی لەگەڵ میللەتانی دەوروبەریدا.
هەروەها مینە بۆچوونی نوسەری کتێبەکە، کە گەشتیارێکی بەڕەگەز ئینگلیزە دەربارەی پێکهاتە و بنەچەی نەتەوەی کورد ئەوەی خستۆتە ڕوو، کە بریتییە لە شێوە خێڵایەتی و خۆی لە قەوارەی دەیان تیرەو و هۆز و خێڵدا دەبینێتەوە، لە مێژووی پیاهەڵکژان و چنگچوون بە خووینی یەکتردا، دەیان و بگرە زۆر زیاتریش نمونەی پڕ نەنگی لە مێژووی نەتەوەی کورد-دا تۆمارکراوە، کە ئەگەر زانستیانە هۆکارەکانی بەرپابوونی ئەو ئاژاوە و خوینڕشتنانە شیکرێتەوە و بەدواداچوونی بۆ بکرێت، ئەوەندە بێ نرخ و لاوازە، کە لە ڕاستیدا شیاوی قەشمەری و بەسوک تەماشاکردنە.
لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەیدا، مینە کە هەر تیشک خستنەسەر کتێبەکەی مەیجەرسۆن بوو دەڵێ بەوپێیەی سەردەمی نوسینی ئەم کتێبە دەگەڕێتەوە بۆ سەد ساڵێک لەوەبەر، ئەو کاتەی دیمەنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە وڵاتی خۆیاندا لەبەردیدی ئەو پڕبووە لە جیکەرەوەی ناوێزە و سەیروسەمەرەی ئەو ڕۆژگارە هەرگیز لەدیدی ئەمڕۆوە بەراوردی زانستیانە هەڵناگرێ، بەڵام کاتێ بەناو بابەتە جیاوازەکانی ناو ئەم کتێبەدا شۆڕدەبیتەوە، سەرتاپا پڕە لەو شەرەمەزاریانەی ئەمڕۆش بەهەمان شێوە لە ژیانی نەتەوەی کورد-دا دووپاتدەبنەوە و کەم و زۆر هاوچەرخیانە وێنەی دەکێشنەوە و بە بەرگی نوێوە دووبارە و سێبارە دەکرێنەوە.
لە ئەنجامی توێژینەوەکەی مینەدا ئەوەی بۆ ئامادەبووان دووپاتکردەوە مێژوو سەروەری ژیانە، مرۆڤ دەبێت ڕووداوەکانی ژیانی خۆی لە قۆناغ و سەردەمە جیاوازەکاندا بزانێت، شارەزایی لە ڕابردوو پێویستە، تا لە خزمەتی ئێستا و داهاتوودا بێت، کەواتە مێژوو قوتابخانەی سیاسەت و مامۆستای ژیانە، ئامۆژگاریە کردەوەییەکانمان پێدەبەخشێت کە بەکەڵکن بۆڕەوشت و وانەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تاک و هەروەها نەتەوەکانیش هەیە. بەبێ بڕێکی کەم شارەزایی لەبارەی مێژووەوە، کەس ناتوانێ بەشێوەیەکی ژیرانە، لەهەر کاروبارێکی سیاسیدا مامەڵەیەکی زانستیانە لەگەڵ کێشەکاندا بکات و بڕیار لە دادوەرییەکی شیاو بدات، مێژوو یارمەتی ئەوەمان دەدات لە جیهان تێبگەین، مێژوو تەنیا لای ئەوانەی هیچ لەبارەی مێژووەوە نازانن خۆی دووبارەدەکاتەوە، چونکە مێژوو زانیارییەکی ڕەگ داکوتراوە لە ڕابردوو دەکۆڵێتەوە، ئێمە بەهۆی مێژووەوە دەتوانین لەدەوروبەری خۆمان تێبگەین.
لە کۆتایی کۆڕەدا، خەڵاتی ئەدەبی 2018 ی یانەی کوردی "میدیــــا"، کە بە تایبەت بە کریستاڵ بۆ مینە دروستکرابوو، لەگەڵ ڕێزلێنانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، کە ئەویش هەربەتایبەت بۆ بەرهەمە ئەدەبیەکانی و خەباتی پێشمەرگایەتی مینە دروستکرابوو بە چەپکە گوڵەوە لە لایەن ئامادبووانەوە پێشکەش بەڕێزیان کرا، پاشان مامۆستا مینەش بە ئیمزای خۆی دوا بەرهەمی چاپکراوی کردە دیاری بۆ ئامادەبووان و پێشکەشیان کرا.
دواکاری مینە سەرۆکی مەڵبەندی کوردۆلۆژی و پسپۆڕی ڕاوێژکار بووە لەو دەزگایە، تا کاتی خانەنشین بوونی، کە سەر بە زانکۆی سلێمانی بووە.
شایانی باسە ئامادەبووان لە گفتوگۆیەکی زانستی و مێژوویی چڕوپڕدا لە چەندین تەوەرەی لۆژیکیدا لەگەڵ نوسەردا ڕووبەڕوو گفتووگۆیەکی تێروتەسەلیان کرد و لە کۆتاییدا مینە بەشێک لە چامەی هەڵەبجە بۆ خوێندنەوە، کە دوای ڕوودانی کیمیابارانی هەڵەبجە بۆ ئەو مەرگەساتەی نوسیبوو.
بهروار: 28/08/2018
872 جار خوێندراوهتهوه
|