بەغدادی پەیامێک بڵاودەکاتەوە و هێرش دەکاتە سەر کوردی رۆژئاوا
(سبەی):
ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش داوا دەکات لایەنگرانی لە جەنگ بەردەوام بن، دەشڵێت: سعودییە بڕی (100) ملیۆن دۆلاری داوە بە کوردە بێ مەزهەبەکان، وەک ئاماژەیەک بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان.

دوای نزیکەی ساڵێک لە بێدەنگی، ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پەیامێکی دەنگی (55) خولەکی بڵاوکردەوە و تێیدا بەرپرسیارێتی رێکخراوەکەی لە هێرشەکانی ئەمدواییەی کەنەدا و ئەوروپا راگەیاند و داواشی کردوە کە بەردەوام بن لە جەنگ.

بەغدادی لە پەیامەکەیدا هێرشی توندی کردوەتە سەر ئەمەریکا و روسیا و هەروەها سعودیەشی بە "کافر" ناوبردوە و داوای راپەڕینی لە گەلەی سعودییە کردوە، جگە لەوەش ئاماژەی بەوەکردوە کە حکومەتی ریاز بڕی (100) ملیۆن دۆلاری داوە بە کوردە بێ مەزهەبەکان، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ کوردانی رۆژئاوا.

دوایین پەیامی دەنگی ئەبوبەکر بەغدادی دەگەڕێتەوە بۆ (28)ی ئەیولی ساڵی رابردو، جگە لەوەش مانگی تەموزی رابردو دەزگای هەواڵگری عێراق کوژرانی کوڕێکی بەغدادیان بەناوی حەزیفە بەدری راگەیاند و ئاماژە بەوەش دەکەن کە خودی بەغدادی لە ژیاندا ماوە و لە سەر سنوری نێوان سوریا و عێراق خۆی حەشار داوە.
به‌روار:  23/08/2018
569   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   393
کۆی سه‌ردان:   29254526