دۆناڵد ترەمپ دەڵێ دەمێکە تورکیا بووەتە کێشە
رووداو - هەولێر 

سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند، ماوەیەکی زۆرە تورکیا بووەتە کێشە و وەک دۆست مامەڵەی نەکردووە. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا کە بە پەیامنێرانی راگەیاندووە دەڵێت: "دەبوایە دەمێک بوایە ئەندرو برونسن ئازاد بکرایە، بەڵام تۆمەتی دەدرێتە پاڵ و وەڵامی ئەو پرسیارەشی بە کراوەیی هێشتەوە کە ئەمریکا چ هەنگاوێکی دیکە بەرامبەر بە تورکیا دەگرێتەبەر". 

هاوکات رۆژی پێنجشەممە 16-8-2018، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کێشەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا رایگەیاند، تورکیا نەیسەلماندووە کە دۆستێکی باش دەبێت بۆ ئەمریکا، قەشەیەکی بێتاوانی مەسیحیان دەستگیرکردووە، تورکیا بەدەستگیرکردنی ئەم قەشەیە کارێکی خراپی کردووە، بۆیەش واشنتن سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ستیڤ منوچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئەمریکادا گوتی، ئەمریکا سزای بە سەر هەندێک لە وەزیرانی حکومەتی تورکیادا سەپاندووە. 

منووچن گوتی، واشنتن پلانی ئەوەی هەیە سزای زیاتر بە سەر تورکیادا بسەپێنێت، ئەگەر حکومەتی ئەو وڵاتە زوو پیاوە ئایینییە ئەمریکییەکە ئازاد نەکات. 

لە سەرەتای ئەم مانگەوە حکومەتی ئەمریکا دوو هەنگاوی دژی حکومەتی تورکیا ناوە. یەکەمیان، سزادانی هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی تورکیا بووە، ئەوەش بەهۆی رۆڵیان لە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەندرو برونسندا. دووەمیشیان، زیاترکردنی باجی سەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی تورکیا بووە و دوو هەنگاوەکەش کاریگەرییان لە سەر ئابووری تورکیا هەبووە. 
به‌روار:  17/08/2018
1333   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   653
کۆی سه‌ردان:   29251285