ئۆکێسۆن دەڵێ هەر کەسێک بیهەوێ ببێ بە "سویدی" پێویستە مێژووی سوید و فەرهەنگەکەی بە هی خۆی بزانێ
سەرۆکی پارتی دیموکراتەکانی سوید دەڵێ بۆ ئەوەی کەسێک ببێ بە سویدی پێویستە هەموو میژوو و ڕابردووی سوید بە هی خۆی بزانێ. پرۆسەی ئەم ئاسیمیلەبوونەش کاتێکی زۆری دەوێ.
ئەمڕۆ یمی ئۆکێسۆن سەرۆکی پارتی دیموکراتەکانی سوید(Sverigedemokraterna) میوانی ڕادیۆ سوید بوو، وەک بەشێک لە بەرنامەی داوەتکردنی سەرۆکی پارتە سیاسییەکان تا سەبارەت بە هەڵبژاردن و بەرنامە و پلانەکانیان وەڵامی رۆژنامەنووسان و گوێگرانی ڕادیۆ بدەنەوە.
یمی ئۆکێسۆن پێی وایە پڕ کردنەوەی کەمی هێزی کار بە هێنانی خەڵکی بیانی لە دەرەوە چارە ناکرێ. هاوکات ئەو دەڵێ باشترین چارەسەر بۆ خستنە سەرکاری ئەو بیانیانەی ئێستا لە سوید دەژین پەروەردە و خوێندنە.
سەبارەت بە مافی هاووڵاتی بوون و بوون بە سویدی، ئۆکێسۆن پێی وایە هەر کەسێک بیهەوێ ببێ بە "سویدی" پێویستە مێژووی سوید بە هی خۆی بزانێ. سویدی بوون هەر تەنیا ئەوە نییە بە جەستە لە سوید بی، بەڵکوو بۆ بوون بە سویدی دەبێ هەڵگری فەرهەنگی سویدی بی و نەتەوەی سوید لەسەرووی هەر نەتەوەیەکی تر ببینی. ئەم پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆنەش کاریکی ئاسان نییە و کاتێکی زۆری دەوێ.
سەبارەت بە پرسی یەکییەتی ئەوروپا، سەرۆکی دیموکراتەکانی سوید پێی وایە پێویستە سوید لە یەکییەتی ئەوروپا بێتە دەر. ئەو دەڵێ:
"بە بڕوای من یەکییەتی ئەوروپا رێگایەکی دروستی پەیوەندی و هاوکاری وڵاتانی ئەوروپا نییە. یەکییەتی ئەوروپا یەکییەتییەکی سیاسی سەروو حکومەتەکانە و لەوێدا خەڵکانیک کە ئێمە ناتوانین کاریگەریمان هەبێ لەسەر هەڵبژاردن و دیاریکردنیان، کاریگەریان زیاترە لەسەر یاسا و ریساکانی ئێمە، لە منێک کە لە پەرلەمانی وڵاتەکەمدا ئەندامم. قبوڵکردنی ئەمەش سەختە بۆ من. بەڵام هاوکات گومانیشم نییە لەوەی ئێمە لە ئاستی ئەروپا و ناونەتەوەییدا پێوەیستە هاوکاری و پەیوەندیمان لەگەڵ یەکتر هەبێ."
سەبارەت بە بەرزبوونەوە پلەکانی گەرما، ئۆکێسۆن پێی وایە ئەو مەسەلەیە پەیوەندی بە گۆڕانی ژینگەوە نییە. بەڵام هاوکات دەڵێ ئینکاری ئەو گۆرانکاریانە ناکا کە لە ژینگەدا ڕوو دەدەن و بڕواشی وایە کەپێویستە هەموو ووڵاتان سەبارەت بەو پرسە بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆ بگرن.
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
بهروار: 17/08/2018
1000 جار خوێندراوهتهوه
|