كۆچ بۆ هەندەران زیادی كردووە
شارەزایانی دۆخی هەرێم: شكستی حوكمڕانی هۆكاری زیادبوونی كۆچی گەنجانە

 
لێشاوی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات ڕوو لە زیادبوونە، حكومەت هیچ بەرنامەیەكی بۆ رێگری لەو دیاردەیە نییە، بەرای شارەزایانی دۆخی هەرێمیش دەسەڵات بەرپرسیاری یەكەمی ئەو دیاردەیەیە...

رەنگە هیچ میللەتێك ئەوەندی كورد، لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر بەزۆر و بەناچاری دووچاری كۆچ نەبوبێتەوە، لە باشوری كوردستان و لە سەروبەندی شۆرشە یەك لەدوای یەكەكان، جارێك بەناوی نادیمون و جارێكی تر بەهۆی شەڕی ئێران عێراق و بەشێكی تریش راگواستنی گوندنشینەكان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكان، زیندوترین جۆری كۆچی كوردانن لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقدا، لەو سەردەمەدا ژمارەیەك هاوڵاتی كوردستانیان جێهێشت.

لە دوای راپەرینی بەهاری 1991 هەموان چاویان لەوەبوو دەسەڵاتدارانی خۆماڵی ژیانێكی گونجا و بۆ دانیشتوانی هەرێم دابین بكەن، بەڵام هەر لەسەرەتاوە بە ئاودیوكردنی ژێرخان و سەرخانی هەرێم بۆ وڵاتانی دراوسێ دەستیان پێكرد، و دواتریش شەڕی ناوخۆیان هەڵگریساند، بەهۆیەوە شەپۆلێكی كۆچ لەهەرێمەوە بۆ دەرەوەی وڵات دەستی پێكرد.

لە دوای 2003 وە كوردەكانی ئەوروپا دەستیان كرد بە گەڕانەوە بۆ هەرێم و لە ساڵی 2003 وە تا كۆتایی ساڵی 2015، 55 هەزار و 300 كەس لە ئەوروپاوە گەڕانەوە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بەشداربن و جێ دەستیان دیار بێت.

بەڵام كاتێك یەكێتی و پارتی لە ساڵی 2015 وە قەیرانی دروستكراوی داراییان بەسەر هەرێمی كوردستان سەپاند و كردیانە بیانوی راگرتنی دامەزراندن و  هەلی كاركردنیشیان لە كەرتی تایبەت نەهێشت.

بەهۆیەوە لێشاوێكی كۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا دەستی پێكردەوە، بەڵام هەموو ئەمە نەدەگەیشتە بارتەقای گەورەی كۆچی كوردانی ئێزدیەكان كە دوای كارەساتی شەنگال لە ساڵی 2014 وە زیاتر لە 100 هەزار كەسیان بەیەكجاری هەرێمی كوردستانیان جێهێشت، كە رەنگە ئەوە بەیەكێك لە گەورەترین كۆچی پێكهاتەیەكی دیاریكراو دابنرێت لە زێدی خۆیانەوە بۆ ئاوارەیی.

لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی كۆچەوە هەزاران كەس لەدەریادا خنكاون، بەشێكیان رادەستی بەرەی نوسرەكران و ژمارەیەكیشیان بێ سەروشوێنن، هەزاران خێزانی ئەم هەرێمە بەهۆی كۆچەوە هەڵوەشانەوە.

هەزاران خێزان هەرچی هەیان بوو لەرێگەی گەیشتن بە ئەوروپا لەدەستیان چوو، بەشێكیان كەوتنە داوی قاچاخچیەكانەوە و هەندێكی تریشیان بازرگانیان پێوەكرا.

بەرای شارەزایانی دۆخی هەرێمیش یەكێتی و پارتی بەرپرسیاری یەكەمن لە نەهامەتیەكانی دانیشتوانی كوردستان، و شكستی دەسەڵاتداریەتی ئەوان و بردنی خێر و بێری كوردستان بۆ خۆیان و بنەماڵەكانیان هۆكاری سەرەكی كۆچە.
کەی ئێن ئێن
به‌روار:  10/08/2018
769   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   101
کۆی سه‌ردان:   29286160