سەرۆکوەزیران: دۆخی سوید تا ئێستاش زۆر جددییە
سەرۆکوەزیری سوید ستێفان لوڤێن لە سەردانیدا بۆ ناوچەی یوسدال(Ljusdal)کە یەک لە زەرەرمەندترین ناوچەکانی ئاگرکەوتنەوەی ئەم ڕۆژانەی دوایی سویدە، لە دوای سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی بەشداری هەڵمەتی ئاگرکوژاندنەوەیان کردووە، دۆخەکەی بە دۆخێکی زۆر جددی وەسف کرد.

سەرۆکوەزیران  سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە لە هەڵمەتی ئاگرکوژاندنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا بەشداریان کردووە، هەر لە کارمەندانی بەرێوەبەرایەتی فریاگوزارییەوە تا دەگاتە پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و هەموو رێکخراو و لایەنە خۆبەخشەکان و ئەو هەوڵەی بە هەڵمەتێکی بێوێنە وەسفکرد.

ستێفان لوڤین لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخەکە تا ئێستاش جددیەتی خۆی هەیە و تاکو ئەم ساتەش  ئاگرەکانی ١٥ ناوچەی جیاواز لە دەرەوەی کۆنترۆڵی هێزەکانی فریاگوزاریدان. ئەو دەڵێ ئاگرەکانی ئەو ناوچانە زۆر لەوە خێراتر تەشەنەیان کردووە کە چاوەڕوان دەکر و هاوکات بە هۆی وشکەساڵیەوە ریسکی ئاگرکەوتنەوەی تریش لە ئارادایە.  

هاوکات سەرۆکوەزیران باسی لەوە کرد کە هەنگاوی یەکەم خستنەگەڕی هەموو هەوڵ و تواناکانە بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ئاگرانە. بەڵام هەنگاوی دوای ئەوە دەبێ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بن بۆ بردنە سەری ئاستی ئامادەگی سوید بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کارەساتە سروشتیەکان.

 تاکو ئەمڕۆ ناوچە هەرە زەرەرمەندەکان بریتین لە پارێزگاکانی یەمتلاند(Jämtlands län)، ڤێستەربۆتێنس(Västerbottens län)، یاڤلابۆری (Gävleborgs län)و دالارنا(Dalarna).

 دوان لە فرۆکە ئاگرکوژێنەوە ئیتالیەکان لە ناوچەکانی یوسدال لە یاڤلابۆری و یارێدالین لە یامتلاند بەشدای هەڵمەتی ئاگرکوژاندنەوەیان کردووە. هاوکات چاوەڕوان دەکرێ هەر ئەمرۆ فرۆکەی ئاگرکوژێنەوەی فەرەنسیش بۆ هاوکاری بگەنە سوید.

شەوی ڕابردوو چەند سەدکەس لە دانیشتوانی گوندەکانی هانۆسین، بیننێسێت و بیۆرنسیۆڤالێن لە ناوجەکانیان گواسترانەوە.  لە سەرلەبەیانی ئەمرۆوە ڕەوشەکە هێندەی تریش ترسناک بووە و دەزگای فریاگوزاری بەردوام خەڵکی ناوچە زەرەرمەندەکان ئاگادار دەکەنەوە.

نیکلاس ڤۆن ئێسێن کە بەرپرسی بەشی فریاگوزاری یامتلاندە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بۆ ئاژانسی هەواڵەکانی TT گوتبوو: 

ئێمە ناچار بووین ناوچەکانی هانۆسین و دەوروبەری چۆڵ بکەین، چونکە ئاگرەکەی ئەو ناوچەیە گەیشتە ئاستێک کە کۆنترۆلکردنی زەحمەت بێت. هاوکات شانسی ئەوەمان هەبوو کە لەو چەند کاتژمێرەی دوییدا بارودۆخی هەوا لە بەرژەوەندی ئیمەدا بێت و هێز و بڵێسەی ئاگرەکە کەمتر بکاتەوە.

نزیکەی چل کەس لە کارمەندانی فریاگوزاری لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی ئەو ناوچەیەدان.

هاوکات شەوی ڕابردوو نزیکەی ٧٠ بۆ ٩٠ کەس لە دانیشتوانی گوندی کۆربۆلە (Kårböle) لە یوسدال (Ljusdal)ی هەرێمی یاڤلەبۆری گواسترانەوە و ناوچەکەیان چۆڵ. سێ لە گوندەکانی کۆمۆنی بریکەش (Bräcke kommun) لە هەریمی یەمتلاند بەتەواوی چۆڵ کران.

هاوکات ئەمرۆ بەڕێوەبەرایەتی دارستانەکانی سوید ڕایگەیاند کە خەساری ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی لە دارستانەکانی سوید نزیکەی  ٦٠٠ ملیۆن کرۆنی سویدیە. بە پێی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتییەکە سەرجەم نزیکەی دوو ملیۆن مەتری سێجا لە دارستانەکانی سوید سوتاون.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  19/07/2018
1069   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   396
کۆی سه‌ردان:   29259541