ئەوروپا بە نیازە سنوورەکانی بەڕووی پەنابەران ببەستێ
لە کۆبوو باڵای وەزیرانی کۆچی وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا، مەسەلەی سیاسەتی کۆچی وڵاتانی یەکیەتییەکە خراوەتە بەر باس.ئەندامانی یەکیەتییەکە سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی و کیشەی ئەو پەناخوازانەی داواکاری پەنابەریان رەدکراوەتەوە لە گفتوگۆدان.

 هەواڵنێری بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆ سوید سوسان پالمێ لە شوێنی کۆبوونەوەکە لە ئینسبروک لە نەمسا ئامادە بوو و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆ سوید گوتی کە هەرچەندە چاوەڕوان ناکرێ ئەمرۆ وەزیرانی کۆچی وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا بگەنە بڕیاری کۆتایی، بەڵام سەرلەبەیانی و لەکاتی دەستپێکی کۆبوونەوەکان زۆربەی هەرەزۆریان لەسەر ئەو مەسەلەیە هاوڕابوون کە پێویستە یەکیەتی ئەوروپا سنوورەکانی خۆی بەڕووی کۆچبەراندا دابخات.

پەیامنێری ڕادیۆ سوید دەڵێ: "ئیمە گوێمان لە وەزیری کۆچی ئیتالیا بوو کە باسی لەوە دەکرد ئیتالیا بەنیازە هاوکاریەکانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی کۆتایی پێ بێنێ و سنوورە ئاویەکانی خۆی بەڕووی کەشتی و هێزە فریاگوزارییەکانی ئەندامانی یەکیەتی ئوروپا ببەستێ، گەر بێت و وڵاتانی یەکیەتییەکە هەڵوێستی جددی وەر نەگرن."

وەزیرانی کۆچی وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا ئەمڕۆ لە شاری ئینسبروک لە نەمسا کۆبوونەوە. ئەو کۆبوونەوەیە دوابەدوای کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوو هات کە وەزیرانی ناوبراو گەیشتبوونە رێککەوتنێک سەبارەت بە دامەزراندنی ناوەندێکی وەرگرتن و کۆکردنەوەی پەنابەران لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکیەتی ئەوروپا.

یەکێک لەو باسانەی ئێستا قسەی لەسەر دەکری ئەوەیە کە هەوڵ بدرێ ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە هەوڵی هاتن بەرەو ئەوروپا دەدەن و لە دەریادا دەمێننەوە، لە دوای رزگارکردنیان بگوازرێنەوە بۆ ئەو ناوەندەی پەنابەران کە بریارە لە باکووری ئەفریقا دابمەزرێ. بە واتایەکی تر یەکتییەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی کۆچبەرانی نایاسایی هەوڵی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا دەدا.

وەزیری کۆچ هێلین فریتزۆن نوێنەرایەتی سوید دەکا لە کۆبوونەوەکەدا. ئەو نیگەرانی ئەو هەڵوێستەی وڵاتانی ئەوروپایە سەبارەت بە هەوڵ بۆ بەستی سنوورەکان.

 وەزیری کۆچی سوید لەسەر ئەو باوەرەیە کە ناکرێ سنوور بە سەر ئەو کەسانەدا دابخرێ کە داوای پەنابەری دەکەن. سەبارەت بەوەی کە داخوا هیچ کام لە وڵاتانی ئەوروپا هاوڕای سویدن لەم هەڵوێستەدا یان نا، وەزیری کۆچ دەڵی بەداخەوە ئەوان لەو هەڵوێستەیاندا بەتەنیا ماونەتەوە.

وابڕیار بوو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی وەزیرانی کۆچی وڵاتانی یەکییەتی ئەوروپا ڕابگەیەنرێ، بەڵام کۆنفرانسەکە دواخرا بۆ کاتێکی تر.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  12/07/2018
1982   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   380
کۆی سه‌ردان:   29232061