بەنزینخانەیەك مەترسی بۆ سەر ئاوی خواردنەوەی سلێمانی دروست دەكات
خەڵك – بەشی هەواڵ
جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، مۆڵەتی كۆتایی بۆ دروستكردنی ئەو بەنزینخانەیەی زیانی بۆ ئاوی سەرچنار هەیە وەرنەگیراوە، دەشڵێت: “هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە لەحاڵەتی بەزانستی سەلماندنی مەترسیەكان هیچ ڕێگری و بەربەستێك نییە بۆ ڕێگرتن لەدروستكردنی بەنزینخانەی ناوبراو”.

ڕێكەوت زەكی، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای ئـەوەی لەمەترسیەكانی جێگای بەنزینخانەیەك بۆ سەر ئـاوی سلێمانی ئـاگاداركراینەوە، لەگەڵ قائـیمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری ئـاوی ژێرزەوی و بەڕێوەبەرایەتی ئـاوی سەرزەوی و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان و ئـاسایشی ئابوری بەدواچونمان كرد بۆ بابەتەكە و بەزارەكی لەمەترسی بابەتەكە دڵنیابوینەتەوە.

وتیشی، “لە ئێستادا بەنزینخانەكە مۆڵەتی كۆتایی بۆ دروستكردنی وەرنەگرتوە و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان بەنوسراو داوای ڕاو ڕێگەپێدانی فەرمانگەی ئـاوی ژێرزەوی كردووە و لیژنەی تایبەتمەندی ئاوی ژێرزەوی پشكنین بۆ جێگاكە دەكات بەبەڵگەی زانستی بابەتەكە یەكلایی دەكاتەوە”.

ڕاشیگەیاند، هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە لەحاڵەتی بەزانستی سەلماندنی مەترسیەكان هیچ ڕێگری و بەربەستێك نییە بۆ ڕێگرتن لەدروستكردنی بەنزینخانەی ناوبراو، چونكە زیانی بۆسەر بەرژەوەندی گشتی و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان هەیە، ھەروەها قائـیمقامی سلێمانی بەجدی لەسەر خەتە لەوبارەیەوە.
به‌روار:  09/07/2018
538   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   261
کۆی سه‌ردان:   29231751