ئەڵمانیا پارە بەو پەنابەرانە دەدا کە دەگەڕێنەوە ووڵاتی خۆیان
خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت، نزیكەی 12 هەزار كۆچبەر لەبەرانبەر وەرگرتنی بڕێك پارەدا لە مانگی شوباتی 2017وە، وڵاتەكەیان بەجێهێشتووە.

رۆژنامەی (تسایت)ی ئەڵمانی لە زاری وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكەوە، بڵاویكردۆتەوە” لە مانگی شوبانی 2017وە، بەرنامەی (ستارتیلفبلاس)ی حكومەتی ئەڵمانی كە بەخشینی بڕی 800 تا 1200 یورۆ بۆ گەورەكان و نیوەی ئەو بڕە بۆ منداڵان تاوتوێ‌ دەكات، وەك هاندانێكە بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی كۆچبەران بۆ وڵاتەكانیان”.

هەر بەپێی رۆژنانەكە”ئەو بڕە پارەیە دەدرێت بەو كۆچبەرانەی بڕیار دەدەن ئەڵمانیا بەجێبهێڵن، بەر لە تەواوبوونی رێكارەكانی پەنابەری، هەرچەندە ئەو پارەیە زۆر نییە، بەڵام ئەو خێزانانەی لە 4 كەس زیاترن و بەیەك جار هەموویان ئەڵمانیا بەجێدەهێڵن، لەگەڵ پارەیەكی تردا بڕی 500 یورۆی تر وەردەگرن”.

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت”حكومەتی فیدراڵی بەوشێوەیە، كۆچبەران هاندەدات بەشێوەیەكی ئارەزوومەندان وڵات جێبهێڵن، بە تایبەتیش گەر هەلی مانەوەیان لە ئەڵمانیادا كەم بێت”.

رۆژنامەی (تسایت)یش باس لەوە دەكات كە “40 ملیۆن یورۆ بە بودجەی فیدراڵی لە ساڵی 2017 بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە تەرخان كراوە، زۆربەی ئەوانەش كە سودیان لەو پارەیە وەرگرتووە لە عیراق و روسیا و ئەفغانستانەوە هاتبوون”.

بەهۆی جەنگ و ناسەقامگیریی وڵاتەكانیان، لەم چەند ساڵەی دواییدا تەوژمێكی كۆچبەران رووی لە وڵاتانی ئەوروپا كرد، ئەڵمانیاش لەو چوارچێوەیەدا پشكی شێری بەركەوت و لەو دەمەوە تاوەكو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێك كۆچبەر لە وڵاتەكەدا گیرساونەتەوە.
به‌روار:  05/07/2018
2361   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   615
کۆی سه‌ردان:   29254982