گەڕەکە دابڕاوەکانی مالمۆ کەمتر بەشداری هەڵبژاردن دەکەن
ڕێژەی بەشدار بوون لە هەڵبژاردندا لە زۆربەی ناوچە دابڕاو و پەراوێزخراوەکانی مالمۆ زۆر لە خوارێیە، لە هێرمۆدسال  نیوەی ئەوانەی کە مافی دەنگ دانیان هەبووە بەشداریان لە هەڵبژاردن دا نەکردووە.

بنکەی هەڵبژاردنی هێرمۆسدال. گوولڤیکسبێری کەمترین ئاستی بەشداری دەنگدەرانی هەبوو بە بەراورد بە هەموو بنکەکانی تر لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی سویددا، تەنیا %٤٨ بەشداریان کردبوو. لە لیمهام چەند کیلۆمەترێک ئەولاتر ڕێژەی بەشداری %٩٠ بووە.

سەردەشت محممەد جاسم لە مالمۆ لەدایک بووە و لە هەموو تەمەنی دا بەشداری هیج هەڵبژاردنێکی نەکردووە لە سوید:

"خەڵک باوەڕی بە سیاسیەکان نەماوە."

لە نێو ئەو ١٠ بنکەی هەڵبژاردنەی کەمترین ڕێژەی دەنگ دانیان لێ تۆمار کرا چوار دانەیان لە مالمۆ بوون. لە هەموو شاری مالمۆش تەنای %٨٠ بەشداری دەنگ دانیان کردبوو کە بە بەراورد بە شارە گەورەکانی سوید کەمترین ڕێژە بوو.

ئالانا سالح عبداللە بۆ کۆمەڵەی زیک زاک کار دەکات کە هەوڵدەدەن ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن دا بەرز بکەنەوە، کۆمەڵێک لاپەڕەی لەدەست دایە کە بە کورتی زانیاری لەبارەی هەموو پارتیەکان تێدا نووسراوە و بە زمانی کوردی خەریک بوو باسی هەڵبژاردنی بۆ پیاوێک دەکرد:

لە هێندێک لە شوێنە پەراوێزخراوەکان دا پێویستە زیاتر چالاک بی، لەو ناوچانەدا لەوانەیە زیاتر بیر لە نیشتیمانی دایک بکەنەوە، من پێم وایە دەبێ مرۆڤ بۆ ئەو وڵاتە هەوڵ بدا کە لێی دەژی، ناکرێ هەر چاوەڕوانی ئەوە بی شتیک ڕووبدات.

سەرۆکی لقی سۆسیال دێموکراتەکان لە هێرمۆدساڵ ئاروین سۆهرابی پێی وایە کە لە نێوان بەرزبوونەوەی نائارامی و دوورەپەرێزی سیاسی دا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ هەیە، ئەو دەڵێ زۆریشن ئەوانەی شوێنی نیشتەجێ بوونیان خۆش دەوێ و دەیانەوێ لێرە بمێننەوە و ئێرە پێش بخەن.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  05/07/2018
580   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   738
کۆی سه‌ردان:   29260464