دەوڵەتی تورك دارستانەكانی كوردستان دەسوتێنێت
دەوڵەتی تورك دەستی كردوەتەوە بە سوتاندنی دارستانەكانی كوردستان و بەوەشە دەیەوێت سروشتی كوردستان وێران بكات.

بەپێی زانیارییەكان چەد ڕۆژێكە لە زۆر ناوچەی نێوان شارۆچكەی ڕوبارۆك و شەمزینان لە باكوری كوردستان و هەروەها لە چەندین ناوچەی باشوری كوردستان، سەربازانی سوپای توركیا بەنزینیان بەسەر دارستانەكانی كوردستاندا كردووە و دەستیان كردووە بە سوتاندنی دارستانەكان.

ناوچەی شەمزینان كە دراوسێی باشور و ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، بە سروشتی جوانی خۆی و دارستانەكانی ناسراوە، شەمزینان كە دۆڵ و چیاكانی بە دارودرەخت ڕازاوەتەوە، بە سەدان لەوەڕگەی تێدایە، سەرەڕای زۆر داری میوە، بە هەزاران سەر ئاژەڵ بە چیاكانی شەمزینانەوەن، ئەو بەهەشتی سروشتە ڕووبەڕووی دوژمنایەت دەوڵەتی تورك بووەتەوە، دەوڵەتی تورك بە هەزاران هێكتار زەوی دارستانەكانی لەو هەرێمانە سوتاندووە و بە هەزاران سەر ئاژەڵیشی لەناوبردووە.

سەربازانی دەوڵەتی تورك، لە چەندین ناوچەی نێوان شارۆچكەی ڕوبارۆك و شەمزینان و باشوری كوردستان، ئاگریان لە دارستانەكان بەرداوە و ئاگری سەر ئەو دارستانانە چەند ڕۆژێك بەردەوامیان هەبووە، سەربازانی سوپای تورك بە ئەنقەست ئاگر لە دارستانەكان بەردەدەن.

بەهۆی سەربازانی توركیاوە ئاگر لە دارستانەكان كەوتەوە و ماوەی مانگێك ئەو ئەو ئاگرە بەردەوام بوو، چەندین ڕۆژ دوكەڵ ئاسمانی شارۆچكەی ڕوبارۆكی داپۆشیبوو، گوندنشینان هەوڵیاندا ئاگرەكە بكوژێننەوە، بەڵام سەربازانی سوپای توركیا ڕێگەیان پێنەدان، بە گوێرەی زانیارییەكان، سەربازانی سوپای تورك بە شەو بەنزینیان كردووە بەسەر دارستانەكانی كالەكۆڵان-دا و گڕیان تێبەرداوە، بەنزینەكەیان بە وێنەی مانگ و ئەستێرە كە نیشانەی ئاڵای توركیایە بەسەر دارستانەكاندا كردووە و سووتاندوویانە.

گوندنشینانی هەرێمی كالەكۆڵان و سەر سنوور باسیان لەوە كردوە، سەربازانی سوپای توركیا بە مەبەست ئاگریان لە دارستانەكان بەرداوە، ئەو گوندنشینانە كە بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات قسەیان كردوە و ناوی خۆیان ئاشكرا نەكردوە، دەستنیشانیان كرد كە سەربازانی سوپای توركیا بەنزینیان كردووە بەسەر دارستانەكاندا و سووتاندوویانن.

گوندنشینێك وتویەتی: "چیا و دۆڵەكانی نێوان شارۆچكەی ڕوبارۆك و باشوری كوردستان بە دارستان ڕازاوەتەوە، ژمارەیەكی زۆر ئاژەڵ لەم دارستانانەدا دەژین، سەربازانی سووپای توركیا بە تایبەتی بە شەوان ئاگر لە دارستانەكان بەردەدەن، مانگی ڕابردوو لە كالەكۆڵان و لەنێوان شارۆچكەی ڕوبارۆك و باشووری كوردستاندا، سەربازانی سووپای توركیا، بە شێوەی مانگ و ئەستێرە بەنزینیان كرد بەسەر دارستانەكاندا و ئاگریان تێبەردا، ئاگر لە دارستانەكانی هەرێمی مەحەك بەردەوام بوو، ئێمە ویستمان ئاگرەكە بكوژێنینەوە، بەڵام ڕێگەیان پێنەداین".

ئەوەشی وتووە: بەهۆی ئەو ئاگرەشەوە هەم دارستانەكانی لای ئێمە و هەم دارستانەكانی باشووری كوردستان سووتان، بەهۆی ئەو ئاگرەشەوە چەندین ڕۆژ دووكەڵ ئاسمانی گوندەكانی سەر بە شارۆچكەی ڕوبارۆكی داپۆشیبوو، سەربازانی دەوڵەتی توركیا لێرە هەم دارستانەكان دەسوتێنن و هەم ئاژەڵەكانی ناو دارستانەكانیش دەكوژن.

ئەو گوندنشینە ئەوەشی وتووە: "ئێمەش لێرەوە بانگ لە مرۆڤایەتیی دەكەین كە هەرچی زووە لەبەرامبەر ئەو كردارە نامرۆڤایەتیانەی دەوڵەتی توركیا هەڵوێست بگرن."

ڕۆژنیوز
به‌روار:  02/07/2018
457   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   663
کۆی سه‌ردان:   29257386