منداڵە پەنابەرەکان بە گران مافی مانەوەیان دەدرێتێ

ئه‌و منداڵه‌ په‌ناخوازانه‌ی که‌ لە چاوەڕوانی پرۆسەی پەناخوازییدا توشی باری ده‌روونی دابڕان و بێهه‌ستیی دەبن، کە به‌ سویدی به‌ (Apatiska barn) ناو ده‌برێن بە سەختی مافی مانەوەیان دەدرێتێ. ئەمە لە دوای تووندکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە کۆچ و پەنابەریی، و لە بەدواداچوونێکی دەزگای کۆچدا دەرکەوتووە.

لە ڕاستیدا دوو ساڵ لەمەبەر ڕێساکان گۆڕانکاریان بەسەرداهات و لەو کاتەوە زۆربەی ئەو کەسانەی داوای مافی مانەوە دەکەن، لە جیاتی ئیقامەی دائیمی، ئیقامەی کاتییان دەدرێتێ. هەر لەو کاتەشەوە لەبەر هۆی مرۆڤایەتیی چیتر مافی مانەوە نادرێتە کەس و مەبەست وایە بۆ ماوەی ٣ ساڵ پەیڕەوی لەم یاسا نوێیە بکرێت.

لە بەدواداچوونەکەی دەزگای کۆچدا دەرکەوتووە کە ئێستا ٢٧ منداڵی پەناخواز لە چاوەڕوانی مافی مانەوەدا باری دەروونییان خراپە.

جێگرسەرۆکی پرسی داد لە دەزگای کۆچ کارل بێکسێلیوس دەڵێت

ـ ئەم گۆڕانکارییە نوێیە کاری کردۆتە سەر ژیانی ئەم منداڵانە و هەروەها ئەو کەسانەش کە لە بارودۆخێكی زۆر خراپی تەندرووستیدان. ئەو کەسەی کە پێشتر مافی مانەوەی هەبوو، ئێستا دەردەکرێت.

 ئێستا دەزگای کۆچ (Migrationsverket) ڕێنماییەکی نوێی بۆ کارمەندەکانی داڕشتووە، بۆ ئەوەی لە کاتی لێکۆڵینەوە لەم منداڵە پەناخوازانەدا کەڵکی لێوەربگیرێت.

ئانیتا دۆراتزیۆ بەرپرسی مافی پەنابەریی لە ڕێکخراوی پزیشکانی جیهان

(Läkare i världen) کە زۆر چاوی بەم منداڵانە و خێزانەکانیان دەکەوێت زۆر بە پەرۆشە و دەڵێت

ـ ئەوان هەموو ئەو هیوایە لە دەست دەدەن کە پێویستیانە بۆ چاک بوونەوە. لێرە بێ هەست و جووڵە، کەوتوون، وەک ئەوە وایە مردوون. زۆر دڵتەزێنە

گوێ لەڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  27/06/2018
539   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   544
کۆی سه‌ردان:   29261481