دایک و باوکی ڕامین کەمپەینی "بەرەنگاربوونەوەی سێدارە"یان دەستپێکرد
دایک و باوکی ڕامین حسێن پەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە سێدارە، دژی سزای لەسێدارەدان لە ئێران، کەمپەینێکیان بۆ سووتاندنی پەتی سێدارە دەستپێکرد و داوایانکرد، کەسانی دیکەش بەشداریی ئەو کەمپەینە بن.
شەوی ڕابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەکی دایک و باوکی ڕامین حسێن پەناهی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا کەمپەینێکی بۆ سووتاندنی پەتی سێدارە ڕاگەیاند، ئەوەش بۆ دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان.
لە ڤیدیۆکەدا خاڵۆ میرزا و دایە شەریفە، باوک و دایکی ڕامین حسێن پەناهی دەردەکەون، کە خاڵۆ میرزا پەتی سێدارەی بەدەستەوەیە و دایە شەریفەش پانکاردێکی بەدەستەوەیە، کە لە سەری نووسراوە:"نا بۆ سێدارە".
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، خاڵۆ میرزا، باوکی ڕامین دەڵێت: داواتان لێدەکەم کە هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی ڕێگانەدەن ڕامین بەم پەتە لە سێدارەبدرێت، بەهاوکاریی خەڵک ئاگر لەم پەتە بەردەدەین بۆ ئەوەی ڕامین لە سێدارەنەدەن.
لە بەردەوامییدا پەتەکە دەسووتێنن و داوا لە خەڵک دەکەن، کە بە سووتاندنی پەتی سێدارە بەشداریی چالاکیی "بەرنگاربوونەوە سێدارە" ببن.
ڕامین حسێن پەناهی، زیندانی سیاسیی کوردە، کە ٢٣ی حوزەیرانی ساڵی پار دەستگیرکرا و پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر لە سەرەتای ئەمساڵدا برایە بەردەم دادوەر و لە یەکەمین دانیشتنی دادگا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشە لە خانەوادەکەی کراوە، کە بەم زووانە سزاکەی جێبەجێدەکرێت.
سەیری ڤیدیۆیەکە بکەن
بهروار: 25/06/2018
914 جار خوێندراوهتهوه
|