هەپەگە کوژرانی 20 سەربازی تورکی ڕاگەیاند
گەریلاکانی هەپەگە لە ئامەد و جولەمێرگ چالاکییان دژی سوپای تورک ئەنجامدا، لە ئەنجامدا ٢٠ سەربازی سوپای تورک کوژران.

ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەی چالاکیی گەریلاکان لە باکوری کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وردەکارییەکانی ئەو چالاکییانەی ئاشکراکرد.

هەپەگە ڕایگەیاند: لە هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆزدا، گەریلاکانمان دوێنێ چەند چالاکییەکیان لە جولەمێرگ ئەنجامدا، کاتژمێر ٠٢:٠٠ی بەرەبەیانی ١٦ی حوزەیران لە گردی خیراتی سەربە شەمزینان چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا دوو سەرباز کوژران، کاتژمێر ٠٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لە گردی خەرەگۆلی سەر بە چەلێ چالاکییەکی دیکە ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا ١٤ سەربازی سوپای تورک کوژران.

هەروەها، هاتووە: سوپای تورک ئۆپەراسیۆنێکی لەدژی ئەو چالاکییانە دەستپێکرد، گەریلاکانی یەژاستار لە گردی کۆردینەی سەر بە چەلێ بەرپەرچیان دانەوە، لەوێش ژمارەیەک سەرباز کوژران و برینداربوون، بەڵام ژمارەکەیان نەزانرا.

هەپەگە هەروەها ڕایگەیاندووە: ١١ی حوزەیران کاتژمێر ٠٥:٣٠ خولەکی ئێوارە لە دوەروبەری لیجەی ئامەد ئۆپەراسیۆنێک لەلایەن سوپای تورکەوە دەستپێکرا، گەریلاکانمان یەکینەیەکی سوپای تورکیان خستە ژێر چاودێرییەوە و پاشان چالاکییان لەدژیان ئەنجامدا، لە چالاکییەدا چوار سەربازی تورک کوژران.

لە کۆتاییدا ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ناسنامە گەریلایەکی شەهیدی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندوە، کە ڕۆژی ٧ی حوزەیران لە مامرای سەر بە دهێی سێرت، شەڕێک لەنێوان گریلاکانمان و هێزەکانی دوژمندا ڕوویدا، لەو شەڕەدا گەریلایەکمان بە ناوی ئەمرا پۆلات بە نازناوی چەکدار ئامەد شەهیدبوو، هەڤاڵێکی دیکەشمان کە قارەمانانە شەڕی کرد، بەبرینداری لەلایەن هێزەکانی دوژمنەوە بەدیلگیرا.

ڕۆژنیوز
به‌روار:  17/06/2018
401   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   325
کۆی سه‌ردان:   29253337