سەرۆکوەزیری کەنەدا لە پشتەوە چەقۆی لە ترامپ داوە
دەنگی کوردی ئەمریکا
ڕاوێژکاری ئابووری کۆشکی سپی لاری کۆدلۆ سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن تورودۆی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ناپاکی کردن لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە لێدوانە خراپەکانی سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری ئەمەریکا و ئاماژەشی بەوەدا لەم جۆرە لێدوانانە لەوانەیە سەرۆک ترامپ بەبێ هێزی دەربخات لەبەردەم کۆبوونەوە مێژووییەکەیدا لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور.
کۆدلۆ سەرۆک وەزیری کەنەدای بە " بێ مانا و کەم ئەزموون" ناودێر کرد لە لێدوانەکانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ ڕۆژی شەممە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتی بەجێ هێشت.
سەرۆک ترامپ لە ماوەی ڕابردوودا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیبووی سەرۆک وەزیری کەنەدا زۆر هەڵخەڵەتێنەر و لاوازە، دواتر هەریەک لە کۆدلۆ و ڕاوێژکاری بازرگانی پیتەر ناڤارۆی هاندا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە هێرش بکەنە سەر کەنەدای هاوپەیمان و دراوسێی ئەمەریکا.
کۆدلۆ وتی لێدوانەکانی ترودۆ سەرۆک ترامپی ناچار کرد لە بەیاننامە هاوبەشەکەی کۆمەڵەی حەوت بکشێتەوە کە ڕێکەوتنێکی لە خۆ گرتبوو سەبارەت بە ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی.
کۆدلۆ وتی " ترودۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد و وتی ئەمەریکا سوکایەتیمان پێدەکات. وتی پێویستە لەسەر کەنەدا بەرگری لە خۆی بکات."
وتیشی " لە پشتەوە چەقۆی لێداین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بهروار: 11/06/2018
864 جار خوێندراوهتهوه
|