برایهكی ساڵح موسلیم دەڵێ پێویستە کوردەکان پشتیوانیی لەئەردۆغان بکەن
برایهكی ساڵح موسلیم، هاوسهرۆكی پێشوی پارتی یهكێتی دیموكراتی -پهیهده- داوا لهكوردانی باكوری كوردستان دهكات پشتیوانیی لەئەردۆغان بکەن. بهوتهی ئهو، “ئەردۆغان مرۆڤێکی موسڵمانو باوەڕدارە”.
بهپێی ههواڵێكی ئاژانسی ئهنادۆڵ، د. مستەفا موسلیم برای ساڵح موسلیم ئامادەی ئهو خوانی بەربانگە بووه کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریی تیاداکردووه لەدیاربەکر، دواتر موسلیم وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانی داوهتهوە.
ناوبراو رایگەیاند، “ئەردۆغان مرۆڤێکی موسڵمانو باوەڕدارە. کەسی موسڵمانو باوەڕداریش ئەو بەڵێنە دەباتە سەر کە دەیدات. هەر لەبەر ئەوە لەم قۆناغەدا پێویستە سەرجەم کوردەکان، پشتیوانیی ئەردۆغان بکەن”.
د. مستەفا موسلیم كه یەکێک لەدامەزرێنەرانی زانکۆی زەهرا باسی لەوەکردووه، “خەڵکی عەفرین ماوەی ٥٠ ساڵە بەردەوامن لەسەر هەمان هەڵە. لەسوریا کۆمۆنیزم سەرەتا لەعەفرینەوە سەریهەڵدا. ئەو کاتە کەسایەتیی ئایینیی کە فێری ئایینو ئایینپەروەرییان بکات، نەبو. ئێستاش وەک زانایانی کورد، داوای مۆڵەت دەکەین بۆ ئەوەی بچینە عەفرینو رێگەی راست نیشانی دانیشتوانەکەی بدەین. ئەگەر مۆڵەتمان بدرێت، دەچینو هەڵەکانیانو رێگە راستەکەیان پێ نیشاندەدەین بۆ ئەوەی بۆ ئیسلام بگەڕێنەوە”.
ئاوێنە
بهروار: 05/06/2018
657 جار خوێندراوهتهوه
|