پێنج خوشک و برای کوردی رۆژئاوای کوردستان لە رێگای ئەوروپا خنکان
رووداو - ئەنتاڵیا
لە رێگای چوونیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا، پێنج خوشک و برای کوردی رۆژئاوای کوردستان خنکان.
رۆژی یەکشەممە 3-6-2018، هەواڵی خنکانی 9 کۆچبەری سووری لە کەناراوەکانی ئەنتاڵیا بڵاوبووەوە.
دوای لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی زانیاری لەلایەن پۆلیسی کەناراوی تورکیاوە، دەرکەوت کە پێنج لە خنکاوەکان منداڵی یەک دایک و باوکن و کوردی رۆژئاوای کوردستانن.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە کە ئەو پێنج منداڵە خوشک و بران و ناوەکانیان دێرین رەشید تەمەن 13 ساڵ، دڵدار رەشید تەمەن 10 ساڵ، شیار رەشید تەمەن 8 ساڵ، دژوار رەشید تەمەن 8 ساڵ، ئەمینە رەشید تەمەن 3 ساڵ. دایک و باوکیان لە ژیان ماون.
تەرمی قوربانیان نێردرایە نەخۆشخانەی حکومیی ئەنتاڵیا و لە پزیشکی دادوەریدا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
بەپێی گوتەی پۆلیسی کەناراو، یەختەکە کاژێر 2:22 خولەکی بەرەبەیانی دەرچووە و دوای ئەوەی چەند کیلۆمەترێکی بڕیوە، نقوم بووە.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کۆچی جیهانی، لە ساڵی 2017دا سێ هەزار و 139 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست خنکاون. لە 5 مانگی ساڵی 2018دا 660 کۆچبەر لە هەمان دەریادا خنکاون.
بهروار: 04/06/2018
813 جار خوێندراوهتهوه
|