لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو باشووری کوردستان بەردەوامە
(سبەی):
لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم و دروستكردنی بنكەی سەربازیی لە ناوچەی برادۆستی سێگۆشەی بەیەك گەیاندنی نێوان عێراق و توركیا و ئێران، ئەگەری شەڕێكی چاوەڕوانكراو لە سنورەكە زیاتر دەکات.

ماوەی شەش مانگە سوپای توركیا بە هەماهەنگی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان شەڕی لە ناوچەی برادۆست دەستپێكردوە، لە ناوەڕاستی ئازاری ئەمساڵیش هێزێكی دەسەڵاتدار لە هەرێمی كوردستان رێگەی شاخی كۆلیتاری بۆ هێزێكی تایبەتی توركیا پاككردەوە بە مەبەستی دانان و جێگیركردنی بنكەیەكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لەو ناوچەیە. لە چەند رۆژی رابردودا دیمەنی جێگیركردنی بنكە سەربازییەكە لەلایەن میدیایەكی زمانحاڵی توركیاوە بڵاوكرایەوە، كە بە درێژایی 23 كیلۆمەتر چاودێری وردی سنورەكە دەكەن.

توركیا  لە سنوری برادۆست بەقوڵایی زیاتر لە 30 كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندوەو چەندین بنكەی سەربازیی نوێی دروستكردوە، نزیكترین بنكەیان لەسەر شاخی چیا دێڵە كە 16 كیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی سیدەكانەوە دورە.

برادۆست، ناوچەیەكی شاخاویی هەرێمی كوردستانە لە سنوری ناحیەی سیدەكانی سەر بەقەزای سۆران، بە شوێنێكی ستراتیژی گرنگ دادەنرێت، بەو پێیەی دەكەوێتە سێگۆشەی سنوریی نێوان عێراق و ئێران و توركیاوە، ناوچەكە ماوەیەكی زۆرە لە ژێر كۆنتڕۆڵی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دایە.

پێگەی جوگرافی برادۆست جۆرێك هەڵكەوتوە، هەر هێزێك كۆنتڕۆڵی تەواوی ناوچەكەی بە دەستەوە بێت، بە ئاسانی دەتوانێت كۆنتڕۆڵی سێگۆشەی سنوری عێراق و توركیا و ئێران بكات، لە ئاستی دەریاوە برادۆست دو هەزارو 58 مەتر بەرزە، لە دۆڵی گەلی عەلی بەگەوە درێژ دەبێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێشەوە بۆ هێڵی شەهیدان لە شەمزینان، هەروەها مەرزی كێلەشین بە دیوی رۆژهەڵاتی كوردستان و مەرزی زێت بە دیوی توركیا بە هەرێمی كوردستانەوە دەبەستێتەوە.

لەگەڵ چڕبونەوەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی سوپای توركیا بۆ سەر سنوری برادۆست، زۆربەی گوندەكانی ئەو سنورە چۆڵ كران و لە ئێستاشدا بەشێك لەو گوندانە كەوتونەتە دەست سوپای توركیا، گەریلاكانی پەكەكە ناوە ناوە بەرپەرچی سوپای توركیا دەدەنەوەو جەخت لەبەرگریكردن لە ناوچەكە دەكەنەوە.

لە كاتێكدا لەشكركێشی سوپای توركیا بۆسەر خاكی هەرێم و پێشێلكردنی خاكی عێراق بەردەوامە، تا ئێستا بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق وەكو پێویست هەڵوێستیان رانەگەیاندوە‌، بەوەش ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێكی چاوەڕوانكراو لەناوچەكە لە ئارادایەو ئێستا ئاگری شەڕەكە لە ناوچەی برادۆست دەگەشێتەوە.
به‌روار:  01/06/2018
455   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1612
کۆی سه‌ردان:   29265520