وتاره‌كان
کەرکوک بەرامبەر عەفرین
 د. سامان شاڵی
سەرۆکى پێشوی کۆنگرەی نه ته وی کورد له ئه مه ریکای باکوور


سەرکردە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق ریفراندۆمیان ڕاگەیاندن لە ٢٥/٩/٢٠١٧ بۆ دوا بڕیار لەسەر پاشەڕۆژی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکانی و لەنێویشدا کەرکوک.

لەپاش ڕاگەیاندن، دوژمنانی دوێنێ کە بوونە هاوڕێی ئەمڕۆ. لۆبی تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا کە (حکومەتی ئێران نوێنەرایەتی دەکات)، هەموو هێزێکی خۆیان خستە گەڕ لە پیلانیانگێڕان بۆ سەرکوتکردنی ئەم ریفراندۆمە. وە ئەم ستراتیجیەتە پێوەر بوو بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی هەرێمی کوردستان تا لەپاشەڕۆژدا کاریگەرییان نەبێت لەسەر گۆڕانکاری دەستەڵات. بێگومان ئەم هەوڵی ریفراندۆمە پاساوێک بوو بۆ کوێرکردنی خەڵکی کوردستان، لەبەرئەوەی لەدوای شەڕی دژ بە داعش؛ حەشدی شەعبی کە سەر بە (هێزی پاسدارانی ئێران)ە سووربوون لەسەر گەڕاندنەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر بۆ ژێر دەستەڵاتی خۆیان، وە هەموشمان دەزانین کە حەشدی شەعبی شانۆکە دەگێڕێت لە عێراقدا و گاڵتە بە هێز و دەستەڵاتی حکومەت دەکات.

لە پاش کۆبوونەوەی ئەنقەرە لە نێوان سەرۆکی تورکیا و ئێران و ژەنەراڵە باڵادەستەکانیان، ستراتیجیەتی گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان داڕێژرا - کە کورد بە خوێنی خۆی رزگاریکردبوون لە بن دەستی داعش لە ٢٠١٦ەوە. وە تورکیا لەو ڕێکەوتنەدا ئەو دەرفەتەی قۆستەوە بۆ رازیبوون بەم مەرجانەی لای خوارەوە:

1- تورکمان دەبێت هێز و دەستەڵاتی زیاتر وەرگرن لە کەرکوک؛

2- ئێران هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت لە هێرشەکانی تورکیا لەسەر عەفرین و شارە کوردیەکانی تری سوریا.

جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە لەوەدایە کە هەردوو شاری کەرکوک و عەفرین دەبێت لەژێر دەستی کورد دەربهێنرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە ژێر دەستەڵاتی حکومەتی ناوەند لە عێراق و سوریا لە پاشدا. وە دەستکەوتی کۆتایی ئەم ڕێکەوتنەش ئەوەبوو کە هەردوو شارەکانی کەرکوک و عەفرین لە خاوەنەکانی خۆیان دزران و بە بازرگانیکردن فرۆشران بە عێراق و سوریا! ئەم پلانە بە رەزامەندی هەردوو ووڵاتی زلهێزی جیهان (ئەمەریکا و روسیا) ئەنجامدرا. ئەمەریکا دەیەوێت عێراقێکی "یەکگرتوو" بەدیبهێنێت و روسیاش دەیەوێت دەستەڵاتی خۆی زیاد بکات لە ناوچەکە. ئەمانە خەڵکی کوردستان دادەنێن بە 'هاوڕێ' تەنها لەو کاتەی کە پێویستیان پێیانە و بەکاریان دەهێنن. ئەگینا هیچ نییەتێکی ڕاستەقینەیان نییە لە ڕێگەپێدانی خەڵکی کوردستان بۆ هەبوونی دەنگ و ڕۆڵ وەرگرتن لە دەستنیشانکردنی پاشەڕۆژی ناوچەکە و بە تەنها بەکاریان دەهێنن لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان.

کاتێک کە کورد لەبری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی شەڕی دژ بەداعشی دەکرد؛ بە ڕییز کەرنەڤاڵی شکۆمەندەکان لە نوێنەرانی سەرۆکایەتی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ووڵاتانی جیهان سەردانی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق و ڕۆژئاوا دەکرد و بە شان و باڵی کورد و پێشمەرگەدا هەڵیان دەدا بۆ ئازایەتی و چاونەترسی و توانا سەربازیەکانیان. بەڵام کاتێک کە خەڵکی کوردستان هەوڵیدا مافە سروشتیەکانی خۆی پیادە بکات (کە خودا و مرۆڤایەتی پێی بەخشیون) لە دەڕبڕینی هەست و سۆزی خۆی بۆ سەربەستی؛ هەموو ئەو شکۆمەند و کەسایەتیانە وونبوون و کورد بە تەنها مایەوە بە ڕووی پاشەڕۆژێکی نادیار هەروەک بە درێژایی مێژوو بەسەری هاتبوو.

بێگومان ئەمە یەکەم خیانەت نییە کە بەرامبەر بە کورد کرابێت و دواهەمیش نابێت، وە تارمایی پیلانگێڕی کۆتایی نایەت بە داگیرکردنی عەفرینی 'شاری قارەمانان' لەلایەن سوپای تورکیا چونکە حکومەتی تورکیا پلانی داگیرکردنی هەموو ڕۆژئاوای هەیە بە بیانووی کاریگەری تیرۆر یان هەر بیانویەکی تر بێت. وە هەروەها حکومەتی عێراقیش هەموو هێزێک دەخاتە سەر هەرێم بۆ لەدەستدانی ئەو هێز و دەستەڵاتەی کە دەستووری عێراق بە هەرێمی بەخشیوە.

هەرچەندە ئەمڕۆ تورکیا، ئێران و عێراق سەرکەوتوانە پیلانەکەیان جێبەجێکرد دژ بە خەڵکی کوردستان وەهەروەها سەرکەوتووش بوون لە سەرکوتکردنی ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی؛ بەڵام خەڵکی کوردستان هەمیشە دەجەنگێ بۆ بەدیهێنانی مافە شەرعیەکانی خۆی ڕەنگبێ دۆڕاو بێ لە شەڕێکدا بەڵام جەنگەکە بەردەوامە!!

ئەمەریکا هەڵەیەکی ستراتیجی ئەنجامدا لە پشتگوێخستنی کورد. چونکە کورد تاقە هاوپەیمانی متمانەپێکراوە دوای ئیسرائیل لەناوچەکە، وە رۆژانی داهاتووش ئەو راستیە نەخوازراوە دەخاتە پێش کە بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا دەکەوێتە سەر هێل و دەردەکرێت لە عێراق وەکو ئەوەی کە ڕویدا لە ٢٠١١دا.

وە کاریگەری ڕوسیاش لە ناوچەکەدا گەورەتر دەبێت لە ڕێی هاوپەیمانەکانی ئێران و تورکیای. تورکیاش زیاتر دەبێتە دژە-ئەمەریکا، دژە-ڕۆژئاوا، دژە-ناتۆ و دژ بە هەموو پرنسیپە دیموکراسیەکان. ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوخساری راستەقینەی ئەجێندای (إخوان المسلمین)ی زیاتر لە هەڵسوکەوتدا بەدیدەکرێت کە پاشەکشە دەکات لە بیروباوەڕی سێرکیولارزم.

مەوقیفی ئێران هەمیشە ڕوون بوە بەرامبەر بە کورد. لە ڕێگای هاوپەیمانەکانیەوە لە عێراق هەمیشە کاریکردوە بۆ سەرکوتکردنی ئاواتەکانی میللەتی کورد لە پیادەکردنی مافە دەستووریەکان و دەستنیشانکردنی چارەنوس وەک ئەوەی کردی لە کاتی ڕیفراندۆمەکە. مەوقیفی ئێران قەد باش نەبوە و هەمان ئامانجی ١٩٧٥ی هەیە کە بووە هۆکاری داڕمانی شۆڕشی کوردی لەو کاتەدا.

لەوەدەچێت کە خەڵکی کوردستان تەنها یەک ڕێگای لەبەردەمدا مابێت بۆ دەستەبەرکردنی ڕێزلەخۆگرتن و پیادەکردنی مافی چارەنوس وەک لە جارنامەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا هاتوە. دەبێت هێزەکانیان یەکبخەن کە ئێستا لە بارێکی سەرلێشێواودان و ئامادەن بۆ زەفەر پێهێنان لەلایەن دوژمنان و هەوڵی زیاتر دەدرێت بۆ پەرتەوازەکردنیان.

خەڵکی کوردستان لەپێش هەڵبژاردنێکی نوێدایە لە عێراق. ئەگەر کورسی لەدەستبدەن؛ دەنگەکان لاواز دەبن لەبەردەم دەستنیشانکردنی پاشەڕۆژ. ئێستا لە عێراق ڕۆژانی کۆدەنگی سیاسی نەما و بنکەی نوێ بە زۆرینەی (شیعە و سوننە) دەستنیشان دەکرێت، هەروەک ئەوەی کە بینیمان لە ١٦/١٠/ ٢٠١٧ کە حکومەتی ناوەند دەستی گرتەوە بەسەر هەموو ناوچە جێناکۆکەکان. دەبێت میللەتی کورد هێز و عەقڵی خۆی یەکبخات ئەگەر بیەوێت دەنگی هەبێت لە عێراقی نوێدا و دەبێت پلانێکی تۆکمە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بڕێژێت لەپێناو پارێزگاریکردنی پاشەڕۆژی خۆی، لە دوژمنانی ناوخۆ و دەرەکیەکانیشی. بێگومان ڕێگەپێدان بۆ دەستتێوەردانی بیانی ڕێگاخۆشکەرە بۆ پارچەپارچە بوون و ڕوخاندنی گەل و نەتەوە !!

ئەم ووتارە گوزارشت لە بۆچونی نووسەرەکەی دەكات

به‌روار:  21/04/2018
507   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

لافاو و رەشەبا زیاتر لە 70 باخ لە کەرکووک تێکدەدات

کوژرانی ٨ سەربازی تورک لە ناوچەی وەرخەلێ

دوایین ووتەی زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی لەپێش دادگای

یادی شەهیدانی پاریس لە مالمۆ

قەیسەری نەقیب ئەستێرە درەوشاوەکەی سەر شانی سلێمانی

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   443
کۆی سه‌ردان:   29219549