وتاره‌كان
"گۆڕان"یش وەك ئەوانی تر
 عەزیز ڕەئووف

جارێك كاك نەوشیروانی وتی: "با بپرسین نوێنەرانی یەكێتی و پارتی لە بەغدا چییان بۆخۆیان كردووە و چییان بۆ خەڵك كردووە؟" ڕێك ئەمە بۆ نوێنەرانی ئێستای گۆڕانیش دەبێت لە بەغدا كە چییان بۆ خۆیان و چیان بۆ خەڵك كردووە؟ ئەگەر لەو سەردەمە بودجەیەكیش لەبەغداوە هاتبێت ئەوا لەم سەردەمەدا ئەوەش نەماوە و نوێنەرانی كاك نەوشیروان لە بەغدا پۆستی باڵاشیان هەیە و كورد لە ئێستادا ئیمتیازەكانیان نەبێت هیچ بە بەغداوە نایانبەستێتەوە.

دەنگۆی كاندید كردنەوەی ئەو كادرانەی گۆڕان كە لە كوردستان و بەغدا پۆستیان هەبووە، دژ بە سیاسەت و جیهانبینی بەڕێز نەوشیروان مستەفایە. كاندید كردنەوەی دووبارەی كادرانێك كە پۆستی باڵایان هەبووە و دووبارە هێنانەوە بۆسەر شانۆی سیاسی و دەسەڵاتداری لە كوردستان و عیراق چەندین خاڵی نێگەتیڤی هەیە لەوانە:

یەكەم: دەستگرتن بە پۆست و گرنگی پۆست بۆ ئەم كادرانە و نەگەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوی خۆیان و ژیانكردن وەك بەرپرسانی تر، ئەمەش گومانی ئەوەمان لا ناهێڵێت كە پۆست لە كوردستان و لە بەغدا ئیمتیازی گەورەی لە پشتە و ئەوەندەی گرنگە بۆ خزمەتی تاكەكەسی ئەوەندە سودی گشتی نیە.

دووەم: بەتاڵی ئەو بزوتنەوەیە دەگەیەنێت كە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیوە كادری خوێندەوار و ئەكادیمی و زمانزان پەروەردە بكات و بیانخانە جێگەی ئەو كادرانەی كە لە بەغدا و كورستان پۆستی باڵایان هەبووە.

سێیەم: یەكێك لەو دیاردانەی كە لە كوردستان هەستی پێ دەكەین ئەوەیە كە ئەوەی سەركەوت نایەتە خوار، ئەوەی موقەدەس كرا ئیتر هەتا مردن هەر موقەدەس دەكرێت، ئەوەی بوو بە پەیكەر ناشكێت و ئەوەی بوو بە بەرپرس هەتاماوە دەبێت بەرپرس بێت. دەبوو گۆڕان ئەم مۆدێلە تێكبشكێنێت و ئەوەندەی لە دە ساڵی ڕابردوودا تێبینیمان كرد، بەڕێز نەوشیروان مستەفا لانی كەم پۆستی كرد بە شتێكی زۆر سادە و ساكار.

چوارەم: سود وەرنەگرتن لە ئەزموونی حزبایەتی لە باكور و خۆرئاوای كوردستان كە لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا بەرپرسەكانیان پۆستە حكومی و حزبیەكانیان جێهێشت و كەرەستەی نوێیان دروست كرد و بۆ هێنانە پێشەوەی كادری باشتر پەكیان نەكەوت، لەوانە كشانەوەی سلاحەدین دیمیرتاش لە هەدەپە و ساڵح موسلیم لە یەپەگە و چەندان نمونەی تر لەو پارچانەی كوردستان كە دەبوو گۆڕان ئەزموونی لێ وەربگرتایە و كاری لەسەر بكردایە.

پێنجەم: جێهێشتنی سیاسەت بۆ نوخبەیەكی دیاریكراو.

دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان لانی كەم لەسەر سیاسەتی كاك نەوشیروان بەردەوام بێت و یەك بەرپرس بۆ دوو پۆست لە دوو سەردەمی جیادا نەكاتە مۆدێل و ئەگەر ئەو برادەرانەش كە كاندید كراون قبوڵی ئەم سیاسەتە بكەن، ئەوا هیچی ترمان نیە بیڵێین جگە لەوەی " گۆڕانیش وەك ئەوانی تر" بیر دەكاتەوە و مومارەسەی سیاسەت دەكات.
نالیا
ئەم ووتارە گوزارشت لە بۆچونی نووسەرەکەی دەكات

به‌روار:  14/02/2018
453   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

بەرخ و ڤیدیۆ 🤣🤣

شێری ژنانی 🤣🤣

مناڵ و جرجەکان 😮

هەڵۆیەک کۆترێ دەرخواردی بێچووەکانی دەدات

مناڵێک لە باڵەخانەیەکی بەرزدایە

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   527
کۆی سه‌ردان:   29250731