وتاره‌كان
ئەردۆگان دیکتاتۆرێکی سیکۆپاتییە
  ڕەزا شوان


ئەگەر بە مێژووی چەند ساڵێک بەر لە ئێستادا بچینەوە، ناوی چەند دیکتاتۆرێکی دڕندە و ستەمکار دەخوێنینەوە، لەوانەش: جۆزیف ستالین ـ روسیا، ئەدۆلف هیتلەرـ ئەڵمانیا، عیـدی ئەمین ـ ئۆگەنـدا، کیم ئیل سۆنگ ـ کۆریـای باکوور، سەدام حوسێن ـ عـێراق، موعەمەر قـەزافی ـ لیبیا، ئەمانەوە چەندین دیکتاتۆر و ستەمکار و خوێنڕێژی تر. ئەم دیکتاتۆرانە هەموو دەسەڵاتێکی وڵاتەکانیان پاوەندکردبوون، بە ئاگر و بە ئاسن و بە کوشتن و بە ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدان رەفتاریان لەگەڵ گەلەکانیان دا دەکردن، بە ملیۆنان کەسیان کوشت و بە کوشتیانیان دان، بە ملیۆنان کەسیان بە ئەشکەنجەدان و بە کیمیاباران کوشتن، هەر لە سایەی دڵڕەقی و بێویژدانی و نامرۆیی ئەمانەدا، بە ملیۆنان کەسی هـەژار و نەبوون لە برسا مردن.. لە راستی دا، ئەم دیکتاتۆرانە تووشی لەخۆباییبوون و نەخۆشی شێتی خۆبەگەوەرەزانین و نەخۆشی سیکۆپاتی ببوون. خۆیان لە سەرووی هەموو خەڵکییەوە دەزانی، لە هەموو کەسێکیش خۆیان بە زاناتر و بە داناتر و بە دەسەڵتتر دەزانی.. رەخنە و دژەڕایان لەکەس قبووڵ نەدەکرد. ئەم سیکۆپاتییانە، چێژ و خۆشیەکی زۆریان لە شەڕ و لە وێرانکردن و لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و بێدەرتان دەبینی، تەر و وشکیان دەسووتاند. بە شێوەیەکی رەها حوکمڕانیان دەکرد و بڕیاریان دەدا. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانەش رەفتاریان دەکرد.

سیکۆپاتی، نەخۆشییەکی ئەقڵي یە، لە دوو بڕگە پێکهاتووە، سیکۆ بە واتا دەروون، پاتی واتا کەسی تووشبوو بەنەخۆشییەکی دیاریکراو.. سیکۆپاتی لادانە لە رەوشت، بە زۆریش بە (لادانـی سیکۆپاتی) ناوی دەبەن. کەسی سیکۆپاتی کەسێکە گوێ بە بەرپرسێتی نادات، گوێش بە هەست و بە سۆزی کەسانی تر و بە هیچ بەهایەکی رەوشتی و نەریتیی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و ئاینی نادات.. سیکۆپاتی تەنها خۆشییەکان و رابواردنی خۆی بەلاوە مەبەست و گرنگە.. چێژ و خۆشییەکی زۆر لە شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردنی ئازادیخـوازان و ئاشتیخوازان و لە ناوبردنی دژەهاوڕاکانی و وێرانکردن و سووتاندن دەربەدەرکردن و چەوسانەوە و برسیکردنی خەڵکی وەردەگرێت. لە لایەکی کەشەوە، سیکۆپاتییەکان، رەگەزپەرست و دەمارگیر و درۆزن و دووڕوون و رەوشت نـزم و هەوەسبازن، بە ئاشکرا و بەبێ شەرم، تاوانە قێزەوەنەکانیان ئەنجام دەدەن، شانازیش بە تاوانەکانیانەوە دەکەن.. ئەو راستیەش باش دەزانن کە لەم رەوشتە

ناهەموار و لە کردار و تاوانانەیان، هیچ سوودیکیان لێدەست ناکەوێت.. شەرمیش لەوە ناکەن کە بە دیکتاتۆر و ستەمکار و بکوژ و سیکۆپاتی ناویان بەرن. دیکتاتۆرەکانی ئەمڕۆش، لەسەر هەمان رێبازی دیکتاتۆرەکانی پێشوو دەڕۆن. ئەمانیش دەسەڵاتیان قورخکردووە، لە پێناوی مانەوەیان لەسەر کورسیی دەسەڵات، بە هەموو شێوەیەک گەلەکانیان دەچەوسێننەوە، سەرکوتی ئازادی و دیموکراتیییان کردووە، پەخشان و تەخشان بە سامانی گەلە برسییەکانیان دەکەن.. تا ئەمڕۆش بە لۆژیکی هێز و لەشکرتاری و کوشتن و کاولکردن و ویرانکردن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردن و فـزەبڕین، لەگەڵ ئازادیخوزان و مافخـوازان دا رەفتاردەکەن.

زۆر بە داخەوە، کە گەلی ئازادیخواز و مافخواز و ئاشتیخواز و ژیانخوازی کوردمان ئەمڕۆشی لەگەڵ دا بێت، زۆرترین ستەم و کۆمەڵکوژی و رەشەکوژی و زیندەبەچاڵی و ئەشکەنجەدان و تاڵانی و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و دەربەدەری و سەرگەردانی و کاولکردن و چەوسانەوە و کوێرەوەری و نەهـامەتی و هـەژاری و برسێتی و لە سایەی رەگەزپەرستە داگیرکەرانی کوردستان دا بینیوە و تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە.. ئەم داگیرکەرە سیکۆپاتییەنەی کوردستان، لە جیهان دا، لە دڕندەیی و دڵڕەقی و ستەم و بێویژدانی و نامرۆیی و نامەردی دا وێنەیان نییە.

یەکێک لەم دیکتاتۆرە رەگەزپەرست و سیکۆپاتییە داگیرکەرانەی ئەمڕۆی کوردستان دیکتاتۆری لەخۆبایی و رەگەزپەرست ئەردۆگانە، کە تووشی لە خۆبایی و نەخۆشی خۆبەگەورەزانین بووە، تووشی كوردفۆبیا بووە، تەنانەت سێبەرەکەی خۆشی لێبووە بە کورد و لێیدەڕەوێتەوە. سەر زمانی و بن زما ی دژایەتیکردنی کوردە، لە هەر شوێنێکی کوردستان دا بێت.. ئەردۆگان لە پێناوی پەیداکردنی لایەنگیری دژ بە کورد، سەردانی چەند وڵاتێکی کرد تەنها بۆ ئەوەی لە دژی کورد بدوێت.. ئەردۆگان ئامادەیی خۆشی دەربڕی کە ئامادەیە بچێت بۆ سوریا و دەستی بخاتە نێو دەستی دیکتاتۆر بەشار ئەسەد و پێکەوە و بە هاوکاری تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق، لە هاوشێوەی ئەو گەلەکۆمەییەی کە بە سەر پشتی تازەترین تانک و زرێپۆشی ئەمریکییەوە و بە رۆژی رووناک و بە بەرچاوی ئەمریکاوە، بە شێوەیەکی زۆر دڕدانە و نامەردانە لە رۆژی (١٦ي/ ئوکتۆبەر/٢٠١٦) دا کردیانە سەر باشووری کوردستان و شاری کەرکوک و خورماتوو و خانەقین و چەند شار و شارۆچکەیەکی تریان داگیرد.. بە دەیان کوردی سڤیلیان کوشت و بە دەیان خانوو و کۆگا و بازاڕی کوردیان سووتاند.. بە سەدان ماڵی کوردیان تاڵان کرد.. بە هەزاران خێزانی کورد لە کەرکوک و خورماتوو ئاورەبوونە و تا ئێستا لە ترسی هەڕەشەکانی حەشدی وەحشی نەگەراونەتەوە ماڵ و حاڵی خۆیان. لە لە هاوشێوەی ئەو ژینۆسایدەی خورماتوو و کەرکوک، ئەم داگیرکەرانەی کوردستان، بە ئاشکراو و بە هەمان شێوەی ئەو تاوانەیان، هەرچواریان خەریکی پیلان داڕشتنن، بۆ گەلەکۆمەکردن و هێڕشکردنە سەر رۆژئـاوای کوردستان، شار و شارۆچکەکانی و داگیربکەن و تاڵانی بکەن و رەشەکوژی و کۆمەڵکوژییەکی تری کورد بکەن و ئەوەشی

بمێنێتەوە ئاوارە و دەربەدەر و سەرگەردانیان بکەن و ماڵ لە خاوەن ماڵحەرام بکەن.. ئەم داگیرکەرە دڵڕەق و بێویژدان و دڕندە و نامەردانەی کوردستان، تا سەر ئێسقان رەگەزپەرست و مەزهەبپەرست و کەسنەویستن و دژایەتی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردمان دەکەن.. ئەمانە بە کوشتن و داگیرکردن و خوێنڕشتن و وێرانکردن و دزی و تاڵانی گۆش و پەروەرە کراون.. ئەو خەسڵەت و تاوانە قێزەوەنانە، بۆونە بەشێک لە کولتوور و لە خەسڵەت و لە رەوشتیان، بوونە بە ناسنامە و پێناسەیان.

ئەردۆگانی دیکتاتۆری سیکۆپاتی، رۆژ نییە بە تازەترین چەک، بە تازەترین هێلیکۆپتەر و تانک و زرێپۆش و فرۆکەی ئێف شانزە، بە لەشکرێکی زەبەلاحەوە هەڵنەکوتێتە سەر شار و شارۆچکەکان و دێیەکانی باکووری کوردستان، بە توومەتی بێ بنەمای هاوکاری کردنیان لەگەڵ پەکەکە. بە دەیان کوردی سڤیلی بێتاون و بێدەرتانیان کوشت و دەکوژن و بە دەیان مێردمنداڵ و لاوی کوردیان بەندەکردوون و پیسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیان دەدەن، رۆژانەش بێ دەست پاراستن، دێهات و شارۆچکە و ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان بۆردوومان و تۆپاران دەکەن. ئەردۆکان وەک هەر دیکتاتۆرێکی سیکۆپاتی، چێژ و خۆشییەکی زۆر لە کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەدانی کورد و لە کاولکردنی کوردستان وەردەگرێت. ئەوەی بە دڵی نەبێت و ملکەچی رای رەگەزپەرستی نەبێت.. بوختان و توومەتێکی بۆ هەڵدەبەستێت و تاوانی ناپاکی دەخاتە پاڵی و رەوانەی زیندانی دەکات.. ئەردۆگان متمانەی بە نزیکترین هاوڕێی خۆشی نییە.. ئەردۆگان درێژە بە بە ئایدۆلۆژیای رەگەزپەرستی و بۆگەنه ئەتاتورکی گوڕبەگوڕ دەدات.. ئەردۆگان دان بە بوونی بیست و پێنج ملیۆن کـورد لە باکووری کوردستان دا نانێت.. فرە نەتەوەیی و پێکەوەژیان و یەکسانی و ئازادی و دادپەروەری و مافەکانی مـرۆڤ و ئۆپۆزسیۆن و ئـازادی و دیموکراتی و رۆژانەمە و رای جیاواز بوونیان لای نییە.. لە سایەی پاوەنکردنی دەسەڵات دا لە خۆی و بنەماڵەکەی و لە پارتەکەی، تورکیا بووە بە زیندانستان بۆ ئازدیخـوازان و دیموکراتیخوازان و ئاشتیخوازن.. هەر لە سایەی ئەردۆگان دا، سیاسەتی ناوە و دەروەی تورکیا تووشی شکستی و تەریکی بۆتەوە، تابێت لە ناوەوە و لە دەرەوەی تورگیا دا، نەیاریان زیاتر دەبێت. بەم پاشەڵە پیسەیەوە، دەیەوێت تورکیا ببێت بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا؟!

لە عێراقی ئەمڕۆش دا، بە شێوەیەکی نوێ دیکتاتۆر و دیکتاتۆریەت و قورخکردن و خۆسەپاندن، سەریان هەڵداوەنەتەوە. دەسەڵاتدارە ئەڵقە لە گوێیەکانی ئێران لە عێراق دا، هەوڵی برسیکردنی کورد دەدەن و دان بە مافە رەواکانی کورد دا نانێن.. دەیانەوێت کورد و پەراوێز بکەن، فیدراڵیەتی کوردستان وەکو حوکمزاتییە کارتۆنییەکەی کاتی سەدامی گۆڕبەگۆڕی لێبکەن. ناوێکی بێ ناوک بێت.. حکومەتی عێراق ناتەبایی و نا یەکڕیزی و پەرتەوازەیی و فرەکوێخایی و حوکمڕانی شکستخواردووی کوردیان قۆستوونەتەوە. حەیدەر عەبادیش بە بەڵێنی درۆ و بێ کردار، دەستی دەستی بە کورد

دەکات.. دەیەوێت درزێکی گەورەتر بخاتە ریزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و، کار بە سیاسەتی ـ پەرتکە و زاڵبە ـ دەکات. عەبادی درێژە بە دژایەتیکردنی خواست و مافەکانی کورد دەدات.. دەیەوێت دژایەتیکردنی کورد بکات بە فاکتەرێک، بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک وەزیران عێراق لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.. بەرانبەر بە کورد دەیەوێت، بە لوژیکی هێز و داپڵۆسین و سەرکوتکردن کاربکات.. هەر ئەم ئەقلییەتە رەگەزپەرستییە شۆڤێنییە بوو، سەری سەدام حوسێنی خوارد.. بێگومان سەری سەدامەکانی دوای ئەویش دەخوات.. هەرگیز کێشەی رەوای کورد بە هێز و بە لەشکركێشی چارەسەرناکرێت، بەڵکو بە گڤتوگۆی جدی و بەدانان بە مافە رەواکانی کورد چارەسەردەکرێت.. بۆیە پێویستە عەبادی پەند و وانە لە دەسەڵاتدارانی پێش خۆی وەربگرێت و بە خۆیادا بچێتەوە.. ئەگینا سەقامگیری و ئاشتی لە عێراق دا نابینن. من لە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ و داهاتووی عێراق گەشبین نیم.. چونکە دەسەڵاتدارانی شیعە درێژە بە هەمان پیلانە گڵاوەکانی بەعسییەکان دەدەن.. دەیانەوێت حوکمڕانی ناوەندی و تاکڕەوی و تایفی شیعی بێت.. دەیانەوێت بە زۆر خۆیان بسەپێنن و بەرەو دیکتاتۆریەت مل بنێن.. دەیانەوێت سەرکوتی ئازادی و دیموکراتی و هاوبەشی و پێکەوژیان بکەن و ناوچەیەکی زیاتری باشووری کوردستان بە عەرەب و بە شیعە بکەن..بۆ درێژەدان بە نیاز و پیلانە گڵاوەشیان، ئێران و تورکیا، هاندەر و پاڵپشتیانن، هەموو یارمەتییەکی لۆژیکی و سەربازی و سیاسییان دەدەن.. بە تایبەتیش کە سوپای عێراق بۆتە سوپایەکی شیعە و بە هەزارن، چەکداری حەشدی وەحشیشیان هەیە، کە بۆ مەبەستی سەرکوتکردنی کورد و عەرەبی سوننە بەکاریان دەهێنن.. کە تاێستا چەندین تاوانی قێزەوەنیان دەرهەق بە کورد و بە سوننەی عەرەب ئەنجام داون.. ئەو تاوانە نامەردی و بێڕەوشتییانەی کە سوپای عێراق و حەشدی وەحشی تورکمانی لە کەرکوک خورماتوو دا ئەنجامیان دان، ژینوسایدن و تاوانی جەگ و بێڕەوشتی و نامەردین.. بە داخەوە کە بە چاوی هێزەکانی هاوپەیمانان و سۆپای ئەمریکا و بە بەرچاوی یوئێن نەوە ئەنجامیان دان، بەڵام چەند جارێکی تریش ئەم قسەیەمان وتووە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ئاستی ئەو تاوانانەی بە بەرچاویانەوە، داگیرکەرانی کوردستان دەرهەق بە گەلی کوردی بێتاوانمان دەیکەن: کوێـرن، کـەڕن، لاڵـن، ویـژدان مـردوون..؟!

نەرویـج: ٢٠١٨
ئەم ووتارە گوزارشت  لە بۆچونی  نووسەرەکەی دەكات

به‌روار:  13/01/2018
155   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت
ماڵئاوایی کەرەکان لە هاوڕێیەکیان😥😥😥
شیری ماکەری ئێرانی
بۆ ساڵیادی تیرۆری سەرکردەی شەهید دکتۆر قاسملۆ
سووتانی 13 کەس لە سنە بەهۆی تەنکەرێکی نەوتەوە
ڤیدیۆیەکی جوان و ناوازە
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   93
کۆی سه‌ردان:   16970654